بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق لە بەغدا هەڵگری ئاسەواری مێژووی زۆر گرنگە کە لە جیهاندا کەم وێنەیە.
ئەلیسا ڕۆبن بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە بەغدا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە گرنگی و پێگەی مۆزەخانەی نیشتمانی بەغدا و ئاسەوارە مێژووییەکانی داوە.
ڕۆژنامەکە لە سەر زاری کریستۆفر وودز بەرپرسی پەیمانگەی ڕۆژهەڵات ناسی زانکۆی ئەمریکی شیکاگۆ لە پاش سەردانەکەی بۆ بەغدا ڕایگەیاندووە کە ئەم مۆزەخانەیە هەڵگری ئاسەوارێکە کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا نموونەیان نییە.
وودز ئەوەی کە لە مۆزەخانەی نیشتمانی بەغدا بینراوە وەک کۆمەڵەیەکی کەم وێنە لە ئاسەوارە مێژووییەکان ناوی بردووە.
ئەلیسا ڕۆبن لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت کە لە ساڵی 2003، دزین و تاڵانکردنەکانی مۆزەخانەی نیشتمانی بەغدای بینیوە و کاتێک بۆ عێراق گەڕاوەتەوە و پاش نزیکەی 16 ساڵ کە مۆزەخانەکەی بە سەرکردووەتەوە، لە بینینی ژوورێک کە سەرەڕای نەمانی 15 هەزار پارچە ئاسەوار، هێشتا لە ئاسەوارە مێژووییە کەم وێنەکان پڕ بووە، تووشی سەرسوڕمان بووە.
ناوبراو ئاماژەی بە دوو پەیکەر لە مەڕمەڕ داوە کە بەرزییەکەیان کەمتر لە 12 فوت نییە و هەروەها چەندین پەیکەری ڕیشدار بە چوار یان پێنج پێ و باڵی پانی هەڵۆ.
ئەم مۆزەخانەیە پاش نۆژەنکردنەوە، لە ساڵی 2015 دیسانەوە کرایەوە.
کۆنترین ئاسەواریش لە مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق لە بەغدا بۆ نزیکەی 6 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، واتە پێش ئەوەی کە کەشتییەکان کە لە لایەن هۆمەر، مێژووناسی یۆنانی، باس کراوە و یان تەنانەت پێش نووسینی سەردەمی عەتیق و کتێبی پیرۆزی جولەکەکان.
بە وتەی بروساسکۆ، ئەوەی کە لە مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق جێی بایەخە، ئەوەیەکە ئەم مۆزەخانەیە هەڵگری ئاسەوارە مێژووییەکانی سەردەمی ئاشوری تا ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە.
مستەفا کازمی سەرۆک وزیرانی عێراق لە پاش گەڕانەوەی 17 هەزار پارچە ئاسەواری مێژوویی لە ئەمریکا، فەرمانی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەم وڵاتەی لە شاری بەغدا دەرکرد.
بەرپرسانی عێراقی ئەم مۆزەخانەیان لە مانگی شوباتی ساڵی 2020 بە هۆی ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داخستبوو.
کازمی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: هاوکات لە گەڵ گەڕانەوەی 17 هەزار پارچە ئاسەواری مێژوویی لە گەڵ شاندەکەی عێراق کە چەند کۆبوونەوەیەکیان لە واشنتن کرد، فەرمانی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی عێراقم بۆ خەڵک و توێژەران دەکرد.
مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق 23 تەلاری هەیە کە بە هەزاران پارچە ئاسەواری سەردەمەکانی ئاشوری، سۆمری، بابلی، ئیسلامی و …. لە خۆیدا شوێن کردووەتەوە.
وڵاتی عێراق ساڵانێکە بە دەست دیاردەی قاچاخی نایاسایی و تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژووییەکانەوە دەناڵێنێت و حکومەتی بەغدا لە ئێستادا هەوڵی گەڕانەوەیان دەدات./.