بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە ئێران پەیوەندییەکی بەهێزی لە گەڵ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەیە و ئەمەش لە سەردانە بەردەوامەکانی سەرکردەکان و بەرپرسانی باڵای عێراقدا دەبینرێت.
ناوبراو وتی: لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، کەسایەتییە عێراقییەکان لە حکومەت و حزب و هاوپەیمانییەکان بەشدارییان کرد و ئەم پەیوەندییە سیاسییەش لە نێوان ئێران و کەسایەتییە عێراقییەکان بابەتێکی ئاساییە بەڵام تاران لە هەڵبژاردنەکاندا پاڵپشتی لە هیچ کەس و لایەنێک بە دیاریکراوی ناکات.
باڵیۆزی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پاڵپشتیی لە یەکپارچەیی عێراق و یەکڕیزی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کردووە و ئەوانەی کە پڕوپاگەندەی پاڵپشتی ئێران لە لایەنێک لە دژی لایەنێکی دیکە دەکەن، تۆمەتێکی بێ بنەمایە.
ئیرەج مەسجدی وتی: داواکاری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە کە کێبڕکێیەکی تەندرووست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف و سەرکەوتوو بە بەشداری زۆرینەی خەڵک هەبێت تا ئەنجامەکەی بگاتە پێکهێنانی پەرلەمانێکی بەهێز و هەروەها حکومەتێکی بەتوانا./.