بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەبیانە لەو دەگمەن گوندانەی ئێرانە کە خەڵکەکەی هێشتا هەمان جلوبەرگی سەدەکانی ڕابردوو لەبەردەکەن و ئەو داب و نەریتانەی کۆنی خۆیان پاراستووە. ڕەنگی سووری خانووەکانی گوندەکە وایکردووە کە بۆ هەر کەسێک یەکەم جار سەردانی دەکات، جێی سەرسوڕمان بێت کە چۆن ئەو گوندە سەرجەم خانووەکانی ڕەنگی سووریان هەڵبژاردووە. لە گوندەکەدا پێداویستی تەواو بۆ مانەوەی گەشتیاران دابین کراوە و ئەوانەش سەردانی دەکەن لانیکەم شەوێک دەمێننەوە تا بتوانن بە باشترین شێواز کەڵک لە جوانییەکانی ئەم گوندە مێژووییە وەربگرن.
گوندی ئەبیانە
ئەبیانە ناوچەیەکی گەشتیارییە لە ئێران کە بەدەر لە ئاسەوار و بینا مێژووییەکان، هەڵکەوتەی جوگرافی گرنگیشی هەیە و کەوتووەتە ناوچەیەک کە بە کەشوهەوا دڵڕفێنەکەی ناسراوە. لە زمانی خەڵکی خۆجێی بە ئەبیانە ڤیونا دەڵێن کە ڕیشەی ئەم وشەیە لە دوو وشەی ڤی و ویانە بە واتای شوێنی دارە بییەکان پێکهاتووە، بە تێپەڕبوونی کات ئەم ناوەش بووەتە ئەویانە و دواجاریش بە ناوی ئەبیانە ناوی هاتووە.
خەڵکی گوندەکەش بە کشتووکاڵ و باخەوانی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن کە سەرجەم چالاکییەکانی ئەوانیش هەر بە شێوازی کۆنە. ژنانی ئەبیانە ڕۆڵی گرنگیان لە هاوبەشی پیاوەکان لە کاروباری ئابوریدا هەیە. گوندەکە حەوت کارێزی هەیە کە بۆ ئاودێریکردنی باخ و مەزراکان بەکار دێت و بەرهەمی وەک گەنم، جۆ، پەتاتە و میوەکانی وەک سێو، هەرمێ، بادەم و گوێزیان هەیە. چنینی فەرش یەکێکی دیکەیە لە سەرچاوەکانی داهاتی خەڵکی ئەم گوندە کە لە ساڵانی ڕابردوو پەرەی سەندووە و گەیشتووەتە ئەوەی کە 30 کارگەری درووستکردنی فەرش لە ئەبیانەدا کراوەتەوە.
بەرزی گوندی ئەبیانە لە ئاستی دەریا دەگاتە 2222 مەتر و بەم هۆیەوە کەشوهەوایەکی سارد و مامناوەندی هەیە، وێڕای ئەوەی کە بە یەکێک لە بەرزترین شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە ئێران هەژمار دەکرێت. چەند گردێکی چواردەوری گوندەکە لە ڕووداوە سرووشتییەکانی وەک لافاو دەیپارێزن. بوونی سەرچاوەکانی ئاو وایکردووە کە باخ و مەزراکان لەم گوندەدا بە زۆرینە ببینرێت و سەرەڕای هەڵکەوتنی لە ناوچەیەکی گەرم و وشکی ئێران، ئەبیانە خاوەنی کەشوهەوایەکی تایبەت بێت.
ئەبیانە بە سەر سێ گەڕەکدا دابەش بووە: پۆڵ و یەسمون وەک گەڕەکەکانی بەشی سەرووی گوندەکە و گەڕەکی هەردە لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە، هەرچەندە خانووی زۆریش لە گەڕەکەکانی پەنجەعەلی و زیارەتگا لە بەشی ڕۆژئاوای ئەم گوندەدا هەیە.
کوێستانیبوونی ناوچەکە و مەودای زۆری لە گەڵ ناوەندە پڕحەشیمەتەکان، وایکردووە کە خەڵکی ئەبیانە زۆربەی داب و نەریتە کۆنەکان، زمان و زاراوە و جلوبەرگە ڕەنگاوڕەنگەکانی خۆیان بە باشترین شێواز بپارێزن.
ئەبیانە لە کوێیە؟
گوندی ئەبیانە کەوتووەتە داوێنی چیای کەرکەس و لە 40 کیلۆمەتری باکوری ڕۆژئاوای نەتەنز و 70 کیلۆمەتری باشوری کاشانە لە پارێزگای ئەسفەهان. بە کردنەوەی ڕێگای نوێی نەتەنز – ئەسفەهان لە ساڵانی ڕابردوو، گەشتیاران بە ئاسانی دەتوانن بگەنە ئەبیانە.
مێژووی ئەبیانە
مێژووی ئەبیانە بە تەواوی ڕوون نییە بەڵام هەندێک مێژووەکەی بۆ 1500 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێننەوە کە لەم ڕووەشەوە دەبێتە یەکێک لە کۆنترین شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە پەراوێزی بیابانەکانی ئێران.
بەشی کۆنی ئەم گوندە لە ساڵی 1354 ی کۆچی هەتاوی لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کرا، وێڕای ئەمەش چەندین داب و نەریتی کۆن و زاراوەی گوندەکە لە ساڵی 1392 ی کۆچی هەتاوی بە هەمان شێوە کەوتە ڕیزی ئاسەواری مەعنەوی ئێران و تۆمار کران. ئاسەوار و بینا مێژووییەکانی گوندی ئەبیانە پەیوەندی بە قۆناغە مێژووییەکانی وەک سەردەمی ساسانییەکان و سەلجوقییەکان تا سەفەوی و قاجاڕەکانەوە هەیە کە دەتوانین ئاگردانی هارپارک وەک کۆنترین ئاسەواری ناو گوندی ئەبیانە ناو ببەین.
ئاگردانەکەی ئەبیانە
ئاگردانی ئەبیانە بە کۆنترین ئاسەواری ئەم گوندە دادەنرێت کە نموونەیەکە لە پەرستگەی زەردەشتەکان و تەلارێکی بچووکی نهۆمی سەرەوەی لێ ماوەتەوە. بەم ئاگردانە هرەپەکیش دەڵێن کە لە زاراوەی خەڵکدا هرە بە واتای ژێر و پەک بە واتای قادرمە دێت. سەرەڕای ئەمەش هەندێک کەس بڕوایان بەو ناوە نییە و بە هارپاک ناوی دەبەن کە لە کەسایەتییەکان لە مێژووی هەخامەنشی و مادەکان بووە.
ئاگردانەکە لە سەردەمی هەخامەنشییەکان درووست کراوە بەڵام لوتکەی بیناسازییەکەی بۆ سەردەمی ساسانییەکان لە 1500 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.
زیارەتگای شازادە یەحیا و شازادە عیسا
لە ئەبیانە چەندین زیارەتگا هەیە کە لە ڕووی مێژوویی و مەزهەبییەوە بۆ خەڵکی گوندەکە و گەشتیاران جێی بایەخ و گرنگین.
لە گەڕەکی هەردەی ئەبیانە لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە زیارەتگایەک بە ناوی شازادە یەحیا و شازادە عیسا لە کوڕەکانی ئیمام موسا بن جەعفەر (ع) هەیە کە بەراورد بە بیناسازی گوندەکە شێوازێکی جیاوازی هەیە.
زیارەتگای هینزا
یەکێکی دیکە لە شوێنە گرنگەکانی ئەم گوندەیە کە بە شوێنی ناشتنی تەرمی بی بی زبیدە خاتون کچی ئیمام موسای ناو دەبەن. ئەم زیارەتگایە کەوتووەتە نێو دۆڵێکی باریکی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەبیانە و خەڵکی خۆجێی پێیان وایە کە ئەو خاتونە بۆ دەربازبوون لە دەستی ئەوانەی بە شوێنیدا گەڕاون، بە هاوکاری خەڵک لەو شوێنە تاریکەدا خۆیی حەشار داوە و دواتر چووەتە گوندی هنجن و زیارەتگای سەرەکیی لەوێیە و هینزا تەنیا شوێنی تێپەڕبوونی ئەو بووە.
مزگەوتەکانی ئەبیانە
مزگەوتی گشتی
ئەم مزگەوتە بەراورد بە مزگەوتەکانی دیکەی ئەبیانە مێژوویەکی زیاتری هەیە.
مزگەوتی پرزڵە
مزگەوتێکی کۆنە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئیلخانییەکان لە ئێران دەگەڕێتەوە.
مزگەوتی یوسمون
مێژووەکەی بۆ 700 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە
مزگەوتی حاجەتگە
مێژوویەکی 400 ساڵەی هەیە و خەڵک بەدەر لە نوێژخوێندن، بۆ بەدیهاتنی داواکارییەکانی خۆیان و نزا و پاڕانەوەیان ڕوو لەم مزگەوتە دەکەن.
چەندین مزگەوتی دیکەش بە ناوەکانی پالیزە و چل ئەنگوست و پەنجە عەلی لە گوندی ئەبیانەدا هەیە.
خانەقاکان
خانەقا شوێنی ژیان و کۆبوونەوەی دەروێش و سۆفییەکان بووە و لە وەرزی هاویندا بۆ شوێنی حەوانەوەی شاکانی سەفەوی بەکار دەهێنرا. یەکێک لە خانەقاکانی ئەبیانە بۆ سەردەمی شا عەباسی سەفەوی دەگەڕێتەوە. خانەقای ئەشرەفە یەکێکی دیکە لە خانەقاکانی ئەم گوندەیە.
قەڵاکانی ئەبیانە
سێ قەڵا لە ئەبیانە بوونیان هەیە کە لە ڕابردوودا خەڵک بۆ پاراستنی گیان و ماڵی خۆیان لە بەرامبەر دز و تاڵانچییەکان کەڵکیان لێ وەردەگرت، قەڵای پاڵ هونە یان تەختی هامان لە باشوری ڕۆژئاوای ئەبیانە مێژوویەکی نزیک 200 ساڵەی هەیە و پشکی هەر کەسێک لە درووستکردنی ئەم قەڵایە لە تاپۆکەیدا هاتووە.
قەڵای هەردە لە گەڕەکی هەردە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەبیانەدایە. بەرزی دیوارەکانی دەگاتە چوار تا پێنج مەتر.
گەرماوەکانی ئەبیانە
گەرماوێک لە گەڕەکی سەروو و یەکێکی دیکە لە گەڕەکی خوارووی ئەبیانەدایە، ئەمڕۆ هێشتا خەڵک لە گەرماوەکەی گەڕەکی سەروو کەڵک وەردەگرن و تێچووی نۆژەنکردنەوە و پاراستنی هەر لە لایەن خەڵکەوە دابین دەکرێت. گەرماوەکانی ئەبیانە مێژوویەکی زۆر سەیریان هەیە، بۆ نموونە، خەڵکی خۆجێی تەنیا یەک تمەنیان دەدا و دەچوونە گەرماوەکە بەڵام خەڵکی شوێنەکانی دیکە پارەی زۆریان لێ وەردەگیرا. هەروەها ژنان تەنیا پارچە نانێکیان وەک تێچووی خۆشۆردنی خۆیان دەدایە بەرپرسی گەرماوەکە. کوڕانی گەنجیش تا پێش هاوسەرگیری بە بێ هیچ تێچوویەک دەچوونە ئەو شوێنە.
کاروانسەرا و حوشترخانەکانی ئەبیانە
بوونی کاروانسەراکان بە تایبەت لە ناوچە بیابانییەکانی وەک ئەبیانە، کارێکی باو بووە، هەرچەندە لە دوو کاروانسەراکەی ئەم گوندە ئاسەوارێکی ئەوتۆ نەماوەتەوە و بە هۆی لاوفاو لەناوچوون، بەڵام هەندێک کاروانسەرای بچووکیش هەبووە کە بۆ هاتووچۆی کاروانییەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرا، هەروەها شوێنێکیش بۆ مانەوەی حوشتر و ئەسپەکانی ئەو کاروانانە هەبووە کە بە حوشترخانە ناوی دەرکردووە.
گەشتیاری لە ئەبیانە
پیاسەکردن بە ناو کۆڵانە تەسک و کۆنەکانی ئەبیانە و بینینی ئەو هەموو خانووە یەک ڕەنگە و خەڵکێک بەو جلوبەرگە سەدان ساڵەوە، یەکەم هۆکاری گەشتیارییە لەم گوندە و وێنەکانیش دەتوانێت بۆ ساڵانێک لای ئێوە بە یادگار بمێنێتەوە. ئەوانەش وەک گەشتیار دەچنە ئەبیانە، جلوبەرگی ئەوێ لەبەردەکەن و وێنەی پێوە دەگرن، هەرچەندە وێنەگرتن لەم گوندەدا دەبێت بە موڵەتی خەڵکەکەی بێت.
بەدەر لەو چەند هوتێلەی کە لە ئەبیانەدا کراونەتەوە، خەڵکیش خانووی زیادەی خۆیان بە کرێ دەدەن و ئەمەش وایکردووە کە گەشتیاران بۆ مانەوە لەم گوندە مێژووییەدا هیچ کێشەیەکیان نەبێت./.