لە ساڵی 1973 ئەفسانەی شکست نەهێنانی ڕژێمی زایۆنیستی تووشی دۆڕانێکی گەورە بوویەوە، لە ساڵی 2000 بۆ یەکەم جار باشوری لوبنان بە هێزی خۆڕاگری ئازاد کرا و لە شەڕی حوزەیرانی 2006 هاوکێشەی هێزی خۆڕاگری و ڕژێمی زایۆنیستی گۆڕانکاری گەورەی بە خۆوە بینی.
ئەمڕۆش لە فەڵەستین گرووپەکانی خۆڕاگری دەستیان بە جۆرەکانی مووشەک و تەکنۆلۆژیای شەڕ گەیشتووە.
بەم پێیەش، هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە تووشی گۆڕانکاری بووە و ڕژێمی زایۆنیستی لە پاش 73 ساڵ داگیرکاری و سەرەڕای هەبوونی هێزی دارایی بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە، توانای بەرگریی لە بەرامبەر جیهانی ئیسلامی و عەرەبی نەماوە.
هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بیرۆکەی بەرگری زایۆنیستەکان لە دەیەی 40 ی سەدەی بیستەم بە پێی زاڵبوون لە شەڕی سەربازیدا بوو کە سوپای ئەو ڕژێمەش لەو ڕێگایەوە شکستی بە سوپای وڵاتانی عەرەبی هێنا بەڵام لە پاش 1973 بە سەرهەڵدانی خۆڕاگری، هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی خۆڕاگری تووشی گۆڕانکاری بوو.
بە وتەی شارەزایان، لە ساڵی 1948 ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ڕێگری لە پێشکەوتن و یەکڕیزی ناوچەکە و مسۆگەربوونی ئامانجەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دامەزرا و ڕژێمە عەرەبییەکان لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی وڵاتانی ڕۆژئاوا خۆیان بە دەستەوە دا، بەڵام لە پاش ساڵی 1982 ئەم هاوکێشەیە بە سەرهەڵدانی خۆڕاگری لە فەڵەستین، لوبنان و ناوچەکە و بە پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی گۆڕانکاری بوو و ئەمریکا سیاسەتی ئاژاوەگێڕی و لەناوبردنی ناوچەکەی بۆ بەرگری و پاراستنی ڕژێمی زایۆنیستی و ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی خۆڕاگری جێبەجێ کرد بەڵام سیاسەتەکەی ئەمریکا ڕوبەڕوی پلانێکی سەربازی شەهید قاسم سولێمانی بووەیە و ئەویش پێدانی تەکنۆلۆژیای مووشەکی بۆ گرووپەکانی خۆڕاگری بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی تەل ئەبیب بوو.
لەم شەڕە دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی و گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین بە ئاشکرا ئەنجامی ئەم پاڵپشتییەی ئێران لە بەرەی خۆڕاگری بینرا و سەرجەم شار و شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان بە مووشەکەکانی خۆڕاگری فەڵەستین کرانە ئامانج.
بەڵام بە داخەوە لە ناو جیهانی عەرەب دیسانەوە درێژە بە هەمان سیاسەتی کۆیلەیەتی و خۆبەدەستەوەدان لە بەرامبەر ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەدەن. وەک ئەوەی کە لە ئاکامی گوشاری دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بینرا کە چۆن وڵاتانی وەک بەحرەین و ئیمارات پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردەوە و پشتیان لە ئامانج و مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین کرد و ناویان وەک ئەوانەی خیانەتیان بە قودس و فەڵەستین و جیهانی ئیسلام کردووە، بۆ هەمیشە بە ڕووڕەشی لە مێژوودا دەمێنێتەوە./.