بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی cbs ی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە پاش دوو دەیە ئامادەبوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و تێچوویەکی 830 ملیار دۆلاری بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئەفغانستان، تاڵیبان بە ئۆتۆمبێل و کەرەستە سەربازییە دەست بەسەرداگیراوەکانی ئەمریکا بەرەو کابوڵی پایتەخت پێشڕەوی دەکات.
تاڵیبان لە مانگی نیسانەوە و لە کاتێکدا کە هێزە بیانییەکان لە پاش 20 ساڵ سەرقاڵی تەواوکردنی پرۆسەی کشانەوەی خۆیان لە ئەفغانستان بوون، هێرشەکانی بۆ شکستی حکومەتی کابوڵ زیاتر کرد. لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت کە ئەم گرووپە دوو لە سەر سێی خاکی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کردووە.
وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە کەوتنی شارە گەورەکان پیشاندەری پێشوازی خەڵکە لەم گرووپە.
پێشتریش زەمیر کابوڵۆف نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری ئەفغانستان ڕایگەیاندبوو کە کۆنتڕۆکردنی قەندەهار لە لایەن تاڵیبانەوە نەک بە هۆی شەڕ، بەڵکوو بە هۆی هەڵهاتنی سوپای ئەفغانستانەوە بووە کە لە لایەن ئەمریکا و ناتۆوە مەشقیان پێکرابوو.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە سەر زاری بەرپرسانی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە حکومەتی بایدن خۆی بۆ کەوتنی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان زووتر لەوەی کە پێشتر ڕاگەێندرابوو، ئامادە دەکات./.