بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی گرووپی تاڵیبان بەم شێوازەیە:
1 – ئەو ناوچە و پارێزگایانەی کە لە لایەن تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، لە ڕاستیدا پیشاندەری پێگەی جەماوەری ئەم گرووپە لای خەڵکی ئەفغانستانە، لە بەر ئەوەی کە وەها پێشڕەوییەکی گەورە و خێرا لە ڕێگای زۆرەوە ناکرێت.
2 – تاڵیبان جارێکی دیکە دڵنیایی بە خەڵکی ئەفغانستان دەدات کە وەک هەمیشە پارێزەری گیان و ماڵ و ئابڕوی ئەوان دەبێت و کەشێکی دڵنیاکەرەوەش بۆ خەڵک دەخوڵقێنێت و هیچ کەس نابێت لەم بوارەدا هەست بە نیگەرانی بکات.
3 – تاڵیبان زۆر بە جیدی و گرنگییەوە لە سامانی گشتی دەڕوانێت، دامەزراوە گشتییەکان، فەرمانگە حکومییەکان و کەرەستەکانی ئەوان، پارک، دارستان، ڕێگاوبان، پرد و … سەرجەم وەک ئەمانەتێکن و دەبێت بە هەموو شێوازێک هەوڵی پاراستنیان بدرێت.
4 – ئەوانەی کە لە ڕابردوودا لە گەڵ داگیرکاران هاوکارییان کردووە یان ئێستا لە ڕیزەکانی حکومەتی ئەفغانستانن، باوەشی تاڵیبان بۆ ئەوان کراوەتە و بۆ هەمووان لێبوردنی گشتی بڵاو بووەتەوە.
5 – کەسانی سەربازی و ئاسایی کە لە گەڵ تاڵیبان هاوکاری دەکەن، بۆ هەلومەرجێکی باشتری وڵات لە داهاتوودا بڕیار دەدەن و کەڵک لە تواناکانی هەمووان بۆ خزمەت بە وڵات دەگیرێت و هیچ کەس نابێت لەم بوارەدا هەست بە نیگەرانی بکات.
6 – ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر کۆنتڕۆڵی تاڵیبان، خەڵک ژیانی ئاسایی خۆیان درێژەپێدەر بن، بە تایبەت لە دامەزراوە و فەرمانگەکانی وەک تەندرووستی، پەروەردە، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری هیچ بڕیارێک لە سەر بەجێهێشتنی ناوچەکەیان یان وڵاتی خۆیان نەدەن و بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێویست بە خزمەت و هاوکاری سەرجەم دانیشتووانەکەی دەکات.
7 – هێرشی تاڵیبان بۆ سەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و خەڵکی ئەفغانستان، تۆمەت و بانگەشەی بێ بنەمایە و گرووپی تاڵیبان هیچ کات پەنا بۆ هەنگاوی لەم شێوەیە نانێت بەڵکوو پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک بە ئەرکی سەر شانی خۆمان دەزانین و چاومان لە سەر سەروەت و سامانی خەڵک نییە.
8 – ئامۆژگاری سەرجەم ئەو کەسانە دەکەین کە لە ئاکامی بانگەشە بێ بنەماکان وڵاتیان بە جێهێشتووە یان چوونەتە ناوچەکانی دیکەی ئەفغانستان، لە بەرپرسان و خەڵکی ئاسایی، کە بۆ شوێن و ماڵی خۆیان بگەڕێنەوە و ئێمە بەرگری لە گیان و ماڵ و ئابڕوی ئەوان دەکەین.
9 – تاڵیبان فەرمانێکی دەرکردووە کە هێزەکانی بە بێ موڵەت نەچنە ماڵی هیچ کەسێکەوە و ڕێگری لەوەش بکەن زیان بە گیان و ماڵی خەڵک بگات، هەرچەندە ڕەنگە دوژمنان بەکرێگیراوی خۆیان هەبێت تا بە ناوی تاڵیبانەوە پەنا بۆ هەندێک کردەوە ببەن کە زیان بە ناوبانگی ئەندامانی ئێمە بگەێنن، داوا لە خەڵک دەکەین لەم بوارەدا هاوکاری لە گەڵ تاڵیبان بکەن و ئەگەر خەڵکی وەهایان بینی، لە زووترین کاتدا ڕاپۆرتەکەی بە ئێمە بگەێنن.
10 – پەیامی ئێمە بۆ بازرگانان، پیشەگەران و وەبەرهێنەران ئەوەیە کە کارەکانی خۆیان بە شێوازی ئاسایی بەڕێوە ببەن و خزمەتی خەڵک بکەن، تاڵیبان کێشە بۆ کار و پیشەی ئەوان درووست ناکات.
11 – ئێمە جارێکی دیکەی دڵنیایی بە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان دەدەین کە لە لایەن تاڵیبانەوە هیچ کێشەیەک بۆ ئەوان ڕوو نادات و ئاسایشی دیپلۆماتکاران و فەرمانبەرانی کۆنسووڵخانەکان و باڵیۆزخانەکان دابین دەکەین و کەشێکی دڵنیاکەرەوە و پارێزراو بۆ ئەوان دەخوڵقێنین./.