بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن نازم کە هاوکات وتەبێژی حکومەتی عێراقە، ڕایگەیاند کە لە کۆنفرانسی لوتکەی بەغدا کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، وڵاتانی دراوسێ و چەند وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە و جیهان بەشداری دەکەن.
ناوبراو وتی کە کۆنفرانسەکەی بەغدا ڕۆڵی گرنگی دیپلۆماسی و کاریگەرییەکانی لە سەر ناوچەکە پیشان دەدات.
ئەم وەزیرە عێراقییە جەختیکردەوە کە دیپلۆماسیەتی بەغدا لەم خولەدا زیندوو بووەتەوە و عێراق هەنگاو بەرەو سەقامگیری دەنێت.
وەزیری ڕۆشنبیری کابینەکەی مستەفا کازمی هەروەها وتی کە کۆنفرانسەکەی بەغدا هەنگاوێکە بە ئامانجی سەقامگیری عێراق، لە بەر ئەوەی کە سەقامگیری ناوچەکە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان ڕۆڵی لە سەر عێراق دەبێت.
ناوبراو وتی کە ئابوری تەوەری دووەمی ئەو کۆنفرانسە دەبێت، لە بەر ئەوەی کە عێراق هاوبەشیی ئابوری زۆری لە هەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی وەک سعوودیە لە بوارەکانی کارەبا، پترۆکیمیا، پرۆژەکانی کەرتی پەروەردە، کشتووکاڵی و ڕۆشنبیری هەیە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی کە لەو کۆنفرانسەدا چەند بڕیارێکی گرنگ لە بواری ئابوری و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەردەکرێت.
بە وتەی حەسەن نازم، کۆنفرانسەکەی بەغدا تەنیا لە سەر یەک دۆسیە ڕاناوەستێت، بەڵکوو بە پێی ئامادەبوونی وڵاتانی دراوسێ، بەرژەوەندییەکانی عێراق تاوتوێ دەکرێت، وەک
چۆن کە گەڕانەوەی پێگەی عێراق یەکێک لە ئامانجەکانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەیە.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆنفرانسی لوتکەی بەغدا بە ئامادەبوونی وڵاتانی دراوسێی عێراق، وڵاتانی گرنگی ناوچەکە و چەند وڵاتێکی دیکە بە تایبەت فەرەنسا بەڕێوە بچێت./.