بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە هەوڵەکانی وڵاتانی بیانی بۆ کودەتایەک لە کۆشکی سەرۆک کۆماریی ئەفغانستان دەکەن.
ئاریانا نیوز لە سەر زاری سەرچاوە ناوخۆییەکان کە پەیوەندییان بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە هەیە، ڕایگەیاندووە کە ئەگەری کودەتایەکی ئارام لە دژی ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان لە ئارادایە.
بە پێی ئەو پلانەش، هێزەکانی ئەمریکا ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەفغانستان لە کۆشکی کۆماری دەبەنە باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە کابوڵ و داوایان لێدەکەن کە دان بە لاوازبوونی خۆیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بنێن و لە سەر خواستی خۆیان دەستلەکارکێشانەوەیان ڕابگەێنن.
پلانەکە وایە کە تیمێکی سیاسی بەپەلە و بە بەشداری سەرکردە دیارەکان، ئەنجومەنێکی سەرکردایەتی پێک دێنن و کەسێک وەک سەرۆکی حکومەتی ڕاگوزەر دەستنیشان دەکەن تا ڕێگری لە هەڵوەشانەوەی دامەزراوەکانی ئەفغانستان بکرێت.
دەوترێت کە ئامادەکاری پێویست بۆ ئەم پلانە کراوە و ئەگەر سەرۆک کۆماری ئەفغانستان ڕێگری لە جێبەجێکردنی بکات، ئەگەری سەرهەڵدانی توندووتیژی لە دژی هێزە ئەمنییەکانی کۆشکی کۆماریش هەیە./.