بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەمار حەکیم وێڕای جەختکردنەوە لە سەر پێویستی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وتی کە دەبێت کۆتایی بە تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بهێندرێت.
ناوبراو وتی: ناتوانین سیاسەتێکی دەرەوەمان هەبێت کە بە پێی سیاسەتی ناوخۆیی نەبێت، نامانەوێت پەیوەندییەکانمان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە تەنیا بۆ گرتنی وێنەی یادگاری بێت، ئێمە پەیوەندییەکمان دەوێت بە پێی گرنگیدان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق.
عەمار حەکیم وتی: زۆربەی دۆسیە و ناکۆکییەکانی ناوچەیی وەک خۆی ماوەتەوە، بە تایبەت دۆسیەی ئاوە هاوبەشەکان و ئێمە پێویستمان بە میکانیزمی دیپلۆماسی کاریگەر و بڕیاری سیاسی بوێرانە هەیە.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی وتی: دەبێت کۆتایی بە ناکۆکییەکان لە سەر دەزگا ئەمنییەکان و تۆمەتبارکردنی هێزە وەفادارەکان لە هێزە چەکدارەکان بە تایبەت حەشدی شەعبی بێنین و ڕوبەڕوی ئەو کەسانەش ببینەوە کە لە دەرەوەی یاسا چەک هەڵدەگرن و دەسەڵاتی حکومەت لاواز دەکەن.
ناوبراو وتی: هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان شیاوی ڕێزلێنانە و بووەتە هۆی ئەوەی کە عێراق ببێتە گۆڕەپانی لێک تێگەیشتن و ڕێکەوتن و وتووێژی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و نە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی شەڕ و پێکدادانی ڕۆخێنەر. بەردەوام پاڵپشتی لەوەش دەکەین کە عێراق ببێتە کاراکتەرێکی بەهێز و سەرەکی لە نزیککردنەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە وتی: جارێکی دیکە بانگهێشتی وڵاتانی دراوسێ و برادەری وەک ئێران، سعوودیە، تورکیا و میسر دەکەینەوە کە لە سەر مێزی دانوستان بۆ خزمەت گەیاندن بە بەرژەوەندی ئەمڕۆ و داهاتووی گەلانی ناوچەکە هەوڵ بدەن./.