بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن دانایی فەڕ سەبارەت بە کۆنفرانسی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە لە بەغدا کە بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، لە وتووێژێکدا بە ئاژانسی ئێرنای ڕاگەیاند: سیاسەتمەداران، دیپلۆماتکاران و شرۆڤەکارانی عێراقی لەو بڕوایەدان کە یەکێک لە هۆکارەکانی هەلومەرجی ئێستای وڵاتەکەیان ئەوەیە کە کاریگەری لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وەردەگرێت. ئەمەش لێکدانەوەیەکی درووستە، لە بەر ئەوەی کە لە جیهانی ئێستادا گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کاریگەری لە سەر دۆخی سەرجەم وڵاتان دادەنێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە تێڕوانینی سیاسەتمەدارانی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی ئەم وڵاتە وتی: سیاسەتمەدارانی عێراقی دەڵێن ئێمە دەبێت ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکەین و دایبەزێنین تا هەلومەرجێک لە ناوخۆوە دابین بکەین و بەمەش دەسەڵات و سەروەری عێراق بەهێزتر ببێت.
ئەم شارەزایەی کاروباری عێراق جەختی لە سەر هەوڵەکانی بەغدا بۆ گەڕانەوەی پێگەی ناوچەیی خۆی کردەوە و وتی: زۆربەی دەسەڵاتدارانی عێراقی هەوڵ دەدەن کە وڵاتەکەیان پێگەی ناوچەیی خۆی بە دەست بێنێت و یەکێک لە ئامانجەکانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەی بەغداش هەر ئەمەیە کە عێراق کاریگەریی لە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان هەبێت.
دانایی فەڕ وتی: ئەمە تێڕوانینێکی نوێ لە عێراق نییە و لە سەردەمی ویلایەتی دووەمی نوری مالیکی دەستیپێکرد و پاش شکستی داعش هەوڵەکان بەم ئاراستەیە لە لایەن عادل عەبدولمەهدی و بەرهەم ساڵح درێژەی هەبوو.
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغدا وتی: دوایین سەردانی بەڕێز قاسم سولێمانی بۆ بەغدا کە گەیشتە شەهیدبوونی ئەوان، بۆ چاوپێکەوتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو و ئامانجەکەشی وەڵامی تاران بۆ دەستپێشخەرییەکەی حکومەتی بەغدا لە پێناو هەوڵدان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز بوو.
ناوبراو بە ئاماژە بە سەردانەکەی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاران وتی: ئێران وڵاتێکی چالاک، کاریگەر و بەهێزە لە ناوچەکە و بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە هیچ سنورێکی دانەناوە و تەنیا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی وایە. پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی وەک عۆمان، قەتەر، عێراق و سوریا زۆر باشە، لە گەڵ ئەردەن پەیوەندییەکان ئاساییە و تەنیا لە گەڵ سعوودیە هەندێک کێشە هەیە.
دانایی فەڕ وتی کە کابینەی نوێی ئێران گرنگی زیاتر بە وڵاتانی دراوسێ دەدات، ئەڵبەت ئێران لە ساڵانی ڕابردووش هەندێک دەستپێشخەریی وەک پلانی ئاشتی هۆرمز بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبووە و تەنانەت ئەگەر نێوەندگێڕی بەغداش نەدەبوو ئێمە ئیرادەی باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ بەغدا هەبوو، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە لایەنی بەرامبەریش ئەو ئیرادەی هەبێت نەک ئەوەی کە چاوەڕوان بێت و بزانێت ئەنجامی دانوستانەکانی ڤیەننا بەرەو کوێ دەڕوات.
وتیشی: ئەگەر سعوودیە هەوڵی کات بەفیڕۆدان دەدات و چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستانە ڤیەننا دەمێنێتەوە، ئاسۆیەکی باش بەدی ناکرێت، بەڵام ئەگەر ئیرادەی جیدی و هەنگاوی کرداریی هەبێت، لەو کاتەدا بە کردەوە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز دەبینین.
ئەم دیپلۆماتکارەی پێشووی ئێران لە درێژەدا وتی: ئێران لەو بڕوایەدایە کە هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکە بابەتێکی پێویستە و ئاڵۆزییەکان زیانی گەورەی لە سەر ئەم ناوچەکە داناوە و تەنیا لە بەرژەوەندی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی دەبێت.
بە وتەی دانایی فەڕ، ئەگەر سعوودییەکان وەک ئێران ئیرادەی باشترکردنی پەیوەندییەکانیان هەبێت، بەستێنی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە تارانەوە دابین کراوە بەڵام گرێی ئەم پەیوەندییانە لە ڕیازە و دەبێت لە لایەن سعوودییەکانەوە بکرێتەوە.
سەرۆکی ناوەندی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ عێراق و سوریا سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی تاران – بەغدا لە کابینەی نوێی ئێران وتی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق تووشی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نابێت، ئەم پەیوەندییانە لە سەر بنەماکانی خۆی بەردەوام بەرەوپێشتر دەڕوات./.