بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆنفرانسی لوتکەی وڵاتانی ناوچەکە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لە شاری بەغدا بەڕێوە بچێت، کۆنفرانسێک کە بە تێڕوانینی بەرپرسانی باڵای عێراق تەنیا بە 6 وڵاتی دراوسێوە سنوردار نابێت و میسر، ئیمارات و قەتریش تێیدا بەشداری دەکەن. هەروەها لە چەند وڵاتێکی ئەورووپی و ئەمریکاشەوە بۆ ئەم کۆنفرانسە بانگهێشت کراوە. ئەگەرچی یەکێک لە تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە تاوتوێکردنی دۆخی سوریایە بەڵام تا ئێستا ئامادەبوونی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە یەکلایی نەکراوەتەوە. فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پاش ئەوەی کە بانگهێشتنامە فەرمییەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیی ڕادەستی سەرۆک کۆماری تورکیا و شای سعوودیە کرد، گەیشتە تاران و لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانیش کۆبووە. لە ڕاستیدا ئامانجی سەردانەکەشی بانگهێشتکردنی فەرمی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بوو.
ئەگەرچی لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی سوێندخوارنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ناوبراوی بۆ بەشداری لەو کۆنفرانسە بانگهێشت کردبوو، بەڵام پرسی بانگهێشتکردنەکە لە لایەن مستەفا کازمییەوە و لە ڕێگای سەردانەکەی فۆئاد حوسێنەوە بوو بە بابەتێکی فەرمی. کۆنفرانسەکەی بەغدا لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە سەرۆک وەزیرانی عێراق مانگی ڕابردوو سەردانی واشنتنی کرد و بەدەر لە دانوستانە دووقۆڵییەکان کە زیاتر لە سەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بووە، پێدەچێت بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەش لەو ئاستەدا تاوتوێ کرابێت. زیاتر لەمەش، مستەفا کازمی بۆچوونی ئەمریکییەکانی لە سەر کۆنفرانسەکە گەیاندووەتە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق. لەم پێناوەدا عێراق ئەرکی هەماهەنگی وڵاتانی بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی لوتکەی بەغدا لە ئەستۆ گرتووە.
بێگومان کۆنفرانسەکەی بەغدا هێندە بۆ پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی عێراق گرنگە کە چەند مانگێکە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەوە پلانی بۆ دادەڕێژرێت. بە پێی ئاماژەکان بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆنفرانسەکە بەڕێوە بچێت، بڕیارە ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنساش تێیدا بەشداری بکات و عێراق هەوڵ دەدات سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا لە دەوری یەک کۆبکاتەوە تا ڕەنگە سەبارەت بە خاڵە ناکۆکەکان، خاڵێکی هاوبەش بدۆزرێتەوە. چەند سەرچاوەیەکی میدیایی ڕایانگەیاندووە کە بەغدا هەوڵ دەدات لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی بەغدا، کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان ئێران و سعوودیەش بەڕێوە بچێت و پاش کۆبوونەوە دووقۆڵییە نهێنییەکان، کۆتایی بە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز بهێندرێت.
فەرەنسا، بەشداری لە کۆنفرانسی بەغدا و ڕاسپاردەی ئەمریکا
سەباح زەنگەنە شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی لە وتووێژێکدا لە سەر کۆنفرانسی لوتکەی بەغدا وتی: کۆنفرانسەکەی بەغدا وەبیرهێنەری ڕێکەوتنی بەغدا یان هەمان پەیمانی سنتۆیە کە لە ساڵی 1955 لە نێوان وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق، پاکستان و بە چاودێری بەریتانیا بەڕێوەچوو و پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە کردەوە لەبیر کرا. لە یەک ساڵی ڕابردوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق چەندین کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرکردەی وڵاتانی ئەردەن و میسر بە ئامانجی پرۆژەی هاوکاری شامی نوێ هەبووە. عێراق لە گەڵ ئەو وڵاتانەی کە بانگهێشت کراون وەک ئێران، تورکیا، سعوودیە، میسر، ئەردەن، قەتەر و فەرەنسا پەیوەندییەکی نزیکی هەیە، ئەم وڵاتانە پێکەوە لە پەیوەندیدان، لە لایەکی دیکەوە ئیمانۆیل مەکرۆن لە گەڵ سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بە تەلەفوون وتووێژی کردووە. پێدەچێت بە هۆی نەبوونی پەیوەندی لە نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەرکی بەدواداچوون بۆ کۆنفرانسەکەی بەغدا لە لایەن واشنتنەوە دراوەتە فەرەنسا.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە ئایا عێراق توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکەی هەیە و دەتوانێت ئەو وڵاتانە لە دەوری یەک مێز کۆبکاتەوە، وتی: کۆمکاری عەرەبی لە سەردەمی سەرۆکایەتی نوری مالیکی لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی کرد و پاش ئەوەش بەدەر لە کۆبوونەوەکانی عێراق – میسر و ئەردەن، هیچ کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەکی چەندقۆڵی لە بەغدا نەکراوە و بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی لوتکەی بەغدا لە ئێستادا بەرەوپێشچوون و پێشکەوتنێکی بەرچاوە لە لایەن بەغداوە و پیشان دەدات کە عێراقییەکان ئیرادەیەکی بەهێزیان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی گەورەی لەم ئاستەدا هەیە. سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت ئێران، سعوودیە، ئیمارات و تورکیا و بۆ وڵاتانی ئەورووپی وەک فەرەنسا و لە ئاکامدا بۆ ئەمریکا پیشان دەدات کە بەغدا دەیەوێت پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خۆی بە دەست بهێنێتەوە.
بەغدا و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێێک لە ئاستی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و ڕۆژئاوا کە بەرژەوەندییەکانیان دژ بە یەکە و خاڵی هاوبەشی کەم لە نێوان ئەواندا دەبینرێت، هەنگاوێکی گەورەیە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە. ڕەنگە بتوانین بڵێین کە لە پەراوێزی ئەو کۆنفرانسەش چەندین کۆبوونەوەی دووقۆڵی گرنگ بە تایبەت لە نێوان سەرکردەی وڵاتانی وەک ئێران و سعوودیە یان تورکیا و میسر بەڕێوە بچێت، بەڵام دەبێت بزانین کە ئایا هەوڵەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئەم وڵاتانە بە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی ناوچەیی سەر دەگرێت؟
زەنگەنە سەبارەت بە نزیکبوونی وادەی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفرانسە لە گەڵ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق و هەندێک بۆچوون کە دەڵێن بەغدا ناتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا کۆنفرانسەکە بەڕێوە ببات، وتی: عێراق لە هەر حاڵەتێکدا هەڵبژاردنێکی گەورەی لە پێشە کە لە مانگی ئۆکتۆبەر بەڕێوە دەچێت. نەتەوە یەکگرتووەکانیش خۆیی بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادە کردووە و پلانێکی گەورەی لەم بوارەدا هەیە. هەروەها نوێنەرایەتی یەکێتی ئەورووپاش سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان و سەرجەم لایەنەکان خۆیان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە دەکەن، هەر بۆیە ماوەیەکی زۆر تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەماوە و هیوادارین مستەفا کازمی و حکومەتی بەغدا بتوانن کۆنفرانسی لوتکەی بەغدا بە باشترین شێواز بەڕێوە ببەن.
ناوبراو سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەو کۆنفرانسەش وتی: پێدەچێت عێراق هەوڵی دابینکردنی هەلومەرجێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات کە بە ڕوونی لە بانگهێشتکردنی سەرکردەی وڵاتانی میواندا دەبینرێت. هەروەها پێدەچێت هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان، جیاوازییەکان و تەنانەت دوژمنایەتییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە دەدات کە بانگهێشت کراون. ئەوەی کە ئایا مسۆگەر دەبێت یان نە، بابەتێکی دیکەیە، لە بەر ئەوەی کە هەر یەک لەو وڵاتانە کێشە و گرفتی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆی و تیرۆر و داعش لە ڕیزی ئامانجەکانی کۆنفرانسەکەی بەغدایە کە دەبێت بزانین چۆن بەم بەرژەوەندییە دژ بە یەکەی وڵاتانی عەرەبی – ئیسلامی و ڕۆژئاوا دەتوانێت چارەسەری بکات. تورکیا لە وڵاتانی سوریا، عێراق، لیبیا، سۆمالیا و وڵاتانی دیکە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی پاڵپشتی لە گرووپە توندڕۆکان و گرووپە تیرۆریستییەکان دەکات، ناکۆکیی لە گەڵ سعوودیە و میسر هەیە و بە دڵنیاییەوە ناکرێت کە لە سەر هاوکارییەکانی ئەنکەرە بۆ کۆتایی هێنان بە تیرۆر و توندڕۆیی حسێب بکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەنگرانی گرووپەکانی خۆڕاگرییە.
ئەم شارەزای کاروباری نێودەوڵەتییە لە درێژەدا وتی: ئەگەرچی تورکیا ناکۆکی زۆری لە گەڵ سعوودیە هەیە بەڵام سیاسەتەکانی ئەردۆغان وایکردووە کە بتوانین بڵێین دەکرێت کۆتایی بەو ناکۆکییانە بهێندرێت، هەر بۆیە دەتوانین کۆنفرانسەکەی بەغدا بە خاڵی لێک نزیکبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە سەبارەت بە عێراق ناو ببەین، هەروەها نابێت کێشەکانی تورکیا لە گەڵ ئێران باس نەکرێت بەڵام هەر دوو وڵات دەتوانن لە کۆنفرانسێکی ناوچەیی ئامادە بن و لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانی ئێستای عێراق، بە تایبەت ئاوی دیجلە و فۆرات کە لە پاش درووستکردنی بەنداوەکانی تورکیا ڕووی لە دابەزینی کەم وێنە کردووە، قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ بکەن و ڕۆڵی کاریگەریان لە گەشە و پێشکەوتنی عێراقدا هەبێت.
سەباح زەنگەنە وتی: گەورەترین کێشەی میسر لە گەڵ تورکیایە کە بە هۆی بەرگری و پاڵپشتی ئەنکەرە لە ئیخوانییەکان و پێدانی مافی نیشتەجێبوون بە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو بزوتنەوەیە لە تورکیا، پەیوەندییەکانیان ڕووی لە ئاڵۆزبوون کردووە، بەڵام دیسانەوە دەڵێم کە سیاسەتەکانی ئەردۆغان و سیسی وایکردووە کە ئەو ناکۆکییانە لە چوارچێوەی هەندێک ڕاوێژی نێوان هەر دوو وڵات تا ڕادەیەک چارەسەر بکرێت.
ناوبراو سەبارەت بە ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئێران و میسر لە کۆنفرانسەکەی بەغدا وتی: ئەگەرچی باس دەکرا کە لە بواری ئەمنیدا دەکرێت دانوستانێک لە نێوان ئەم دوو وڵاتە بەڕێوە بچێت و ئەمەش بۆ بواری دیپلۆماسی و بوارەکانی دیکە شۆڕ بکرێتەوە بەڵام ئەمەش هێشتا ڕوون نەبووەتەوە و ڕەنگە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک کۆمارانی ئێران و میسر بتوانێت بەشێک لەو بەربەستانە چارەسەر بکات.
وتیشی: کێشەکانی میسر و قەتەر بەرەو چارەسەربوون دەڕوات. قەتەر وەبەرهێنانی زۆری لە میسردا کردووە و دەتوانێت لەوەش وەک کارتێکی گوشار کەڵک وەربگرێت و تەنانەت ئەو وەبەرهێنانە و ڕۆڵی قەتەر دەتوانێت یارمەتیدەری باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان میسر و تورکیا بێت. پێدەچێت لە ئەگەری بەشداربوونی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسەکەی بەغدا ئامادە نەبێت بەڵام ئەگەر نوێنەرێکی حکومەتی دیمەش ئامادەی ئەو کۆنفرانسە بێت، بوار بۆ سەردانیکردنی ئەردۆغان بۆ عێراق دەڕەخسێت. سەبارەت بە کێشەکانی سوریا و قەتەر باس لەوە دەکرێت کە دانوستانی نهێنی لە نێوانیاندا هەبووە و ئەگەری کۆبوونەوەی زیاتری نێوان بەرپرسانی هەر دوو وڵات لە کۆنفرانسەەی بەغدا لە ئارادایە.
سەباح زەنگەنە سەبارەت بە کێشەکانی سوریا و سعوودیەش و ئەگەری چارەسەرکردنی لە بەغدا، وتی: بە سەردانەکانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی سوریا بۆ سعوودیە پێدەچێت بەستێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دابین دەکرێت و ئەگەری کردنەوەی باڵیۆزخانەی سعوودیەش لە سوریا لە ئارادایە.
چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران
شارەزای کاروباری ناوچەکە سەبارەت بەوەی کە چۆن دەکرێت کێشەکانی ئێران و وڵاتانی دیکە چارەسەر بکرێت، وتی: کێشەکانی عێراق لە گەڵ ئێران بە گشتی لە چەند بوارێکدایە، یەکەم، دۆخی ناوخۆیی عێراق کە لە ژێر کاریگەری بوونی هێزەکانی ئەمریکادایە. دووەم، بوونی هێزەکانی ئەمریکا و دەستێوەردانی ئەوان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق. سێهەم، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق و پڕوپاگەندەی دەستێوەردانی ئێران لە پرۆسەی دەنگدان.
زەنگەنە بە ئاماژە بەوەی کە کێشەکانی نێوان ئێران و میسر هێندە جیدی نییە، وتی: میسر وەک ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ ئەورووپا و ئەفریقا دادەنرێت بەڵام لە گرنگی ئێران و کەنداوی فارس کەم ناکاتەوە. لە ڕووی ژئۆستراتیژییەوە ئەگەری کردنەوەی ڕێگایەک لە بەندەری ئیلاتی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ دەریای ناوەڕاست هەیە و لە وەها حاڵەتێکدا زیان بە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی میسر، عێراق، ئەردەن و تەنانەت ئێران دەگەێنێت و ئەم کێشەیە دەتوانێت تەوەرێکی باشی هاوکاری لە نێوان ئەم وڵاتانە بێت.
ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە و دانوستانەکانی هەر دوو وڵات لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەی بەغدا وتی: کێشە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا بەرچاوە، بەڵام دانوستانی بەرایی لە نێوان دەزگاکان و بەشی ئەمنی هەر دوو وڵاتدا هەبووە و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ئەمنییەکان لە کۆنفرانسی بەغدا دەتوانێت ببرێتە بەشی سیاسی و دیپلۆماسی. هیوادارم سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی سەرۆکایەتی خۆی لە کۆنفرانسەکانی ناوچەی عەرەبی، ئوراسیا و ناوچەی شانگهای بتوانێت سەرکەوتوو بێت./.