بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لە گەڵ سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، پیرۆزبایی خۆیی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی ناوبراو ڕاگەیاند.
لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا سەرۆک کۆمارانی ئێران و تورکیا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەو وتووێژەدا جەختیکردەوە کە بڕوای بەوە هەیە لە خولی سەرۆکایەتی نوێی کۆماری ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و تاران و هەماهەنگی نێوانیان لە سەرجەم بوارەکان بەهێزتر دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش جەختی لە سەر هاوکاری نزیکی تاران و ئەنکەرە لە پێناو جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی کە پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا زیاترە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی دراوسێ و بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانیش پێویستە ئەنجومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا چالاک بکرێتەوە./.