بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ داهاتی دەستەکە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 95 ملیار دینار زیادی کردووە.
عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاند کە داهاتی ئەم دەستەیە لە ساڵی 2019 یەک ترلیۆن و 122 ملیار دینار بووە.
ناوبراو وتی: لە ساڵی 2021 سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و عێراق و کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، 71 ملیار دینار زیادی کرد و گەیشتە یەک ترلیۆن و 193 ملیار دینار.
وائیلی بە ئاماژە بەوەی کە داهاتی شەش مانگەی یەکەمی ساڵی 2021 ی دەروازە سنورییەکان زیاتر لە 600 ملیار دینار بووە، وتی کە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2020، داهاتی دەروازە سنورییەکان لەمساڵ 95 ملیار دینار زیادی کردووە.
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ئەم ئامارەی بە پێشکەوتنی گرنگ لە کارنامەی دەستەکە ناو برد./.