بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق وێڕای دەستخۆشی لە بانگهێشتنامەکەی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی وڵاتانی دراوسێی عێراق وتی: بڕیارەکەی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی وڵاتانی دراوسێ هەنگاوێکی پیرۆزە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە تاران وەک چۆن کە وتووێژی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکان لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە گرنگ دەزانێت، دەستێوەردانی بێگانەکانیش بە هۆکاری ناسەقامگیری و ئاڵۆزی دەزانێت، وتی: مەرجی پێویست بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە، پێکەوەبوونی وڵاتانە بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی.
ڕەئیسی جەختیکردەوە کە ئێران گەشە و پێشکەوتنی عێراق بە پێشکەوتنی خۆی دەزانێت و بەردەوام تێڕوانینی هاوکاریی لە سەر چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم وڵاتە هەبووە.
لەو چاوپێکەوتنەدا فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بانگهێشتنامەی مستەفا کازمیی بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی لوتکەی وڵاتانی دراوسێ لە بەغدا پێشکەش بە سەید ئیبراهیم ڕەئیسی کرد و وتی کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە بێ ئێران و عێراق دابین ناکرێت./.