بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە پەیوەندی تەلەفوونی یەک کاتژمێریی ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، بە ئاماژە بە پێشێلکردنی بەردەوامی ڕێکەوتنی ناوەکی لە لایەن ئەمریکا و هەروەها پابەندنەبوونی سێ وڵاتی ئەورووپی بە بەڵێنەکانی خۆیان لەم ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییە، وتی: ئەمریکییەکان بە سەپاندنی سزای نوێ بەڵێنەکانی خۆیان بە تەواوی پێشێلکردووە و تەنانەت بازنەی گەمارۆکانیان کشاندووەتە بابەتە مرۆڤدۆستانەکان.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی دەبێت پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان لە ڕێکەوتنی ناوەکی بن و وتی: لە هەر دانوستانێک دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران دابین بکرێت.
ڕەئیسی وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی ناوچەی کەنداوی فارس و دەریای عۆمان زۆر جیدییە و ڕوبەڕوی هەر هەوڵێکی تێکدەرانە لەم ناوچەیە دەبێتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە لوبنانیش وتی: تاران پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە بگاتە سەقامگیری و ئاسایش و باشتربوونی ڕەوشی ژیانی خەڵکی لوبنان.
ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنساش لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران وتی: ئێران و فەرەنسا دەتوانن بە هاوکاری خۆیان لە پێناو جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە هەنگاو بنێن.
وتیشی کە دەمانەوێت دانوستانەکانی ڤیەننا لە زووترین کاتدا دەست پێبکاتەوە./.