بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەهرا عەبدوڵڵاهی جەختی لە سەر سیستەمی تەندرووستی خۆراکی بۆ باشترکردنی بەرگری جەستە کردەوە و وتی: بەرنامەی خۆراکیی هاوسەنگ و گونجاو یارمەتیدەری سیستەمی بەرگری جەستە دەبێت و ڕێگری لە توشبوون بە نەخۆشییەکان دەکات و ئەمە کۆرۆناش دەگرێتەوە. سیستەمی خۆراکیی هاوسەنگ ڕێگری لە توشبوون بە کۆرۆنا دەکات، وێڕای ئەوەی کە ئەگەر کەسێک تووشی ئەو پەتایە بوو، بۆ چاکبوونەوە دۆخێکی باشتری دەبێت.
ناوبراو وتی: مەبەست لە خواردنی گونجاو ئەوەیە کە لە سیستەمی خۆراکی لە هەر 5 گرووپە مادە خۆراکییەکان هەبێت. لە سیستەمی خۆراکی دەتوانین لە شێوازی جێگرەوە کەڵک وەربگرین. بۆ نموونە، لە جێی گۆشت دەتوانین دانەوێڵەکان و هێلکە بخۆین و یان لە جێی خواردنی شیر دەتوانین ماست و کەشک بەکار بێنین.
بەڕێوەبەری نووسینگەی باشترکردنی خۆراک لە وەزارەتی تەندرووستی ئێران وتی: باشترە کەڵک لە سەوزە و میوەی تازە وەربگرن، لە بەر ئەوەی کە ئەنتی ئۆکسیدان و مادەی دەژ هەوکردنیان هەیە، هەروەها خواردنە سادەکانی وەک سوپ بەکار بێنن و هەوڵ بدەن کە خواردنی چەور و سورەوکراو و قورس بەکار نەهێنن. لە هەر سێ ژەمە خواردنەکەدا دەبێت سەوزە و خواردنەکانی وەک پەتاتە هەبێت، لە کاتەکانی دیکەش خواردنی میوە لە بیر نەکەن. ئەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون دەبێت بەردەوام ئاوی میوە بەکار بێنن، هەروەها دۆ و شیری کەم چەور بۆ ئەوان باشە، بەڵام دەبێت واز لە شتی زۆر شیرین بێنن، هەروەها ئاو باشترین خواردنە بۆ باشترکردنی دۆخی تەندرووستی ئەوان.
زەهرا عەبدوڵڵاهی جەختی لە سەر پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان خواردنە گەرم و ساردەکاندا کردەوە و وتی: بۆ نموونە، کاتێک دۆ دەخۆین دەبێت لە گەڵ ئەوەش هەندێک مادەی خۆراکیی وەک هەنگوین و خورما بەکار بێنین و بە پێچەوانەوە لە گەڵ خواردنە گەرمەکانیش دەبێت شتی وەک خەیار و ماست بەکار بێنین.
ناوبراو سەبارەت بە خواردنی ئەوانەش کە ویستی بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنایان هەیە، وتی: پێش و پاش بەکارهێنانی ڤاکسێن پێویست بە هیچ سیستەمێکی خۆراکیی تایبەت ناکات. دەبێت ژەمی بەیانی بەکار بێنن تا تووشی سەرگێژە و دابەزینی زەخت نەبنەوە. خواردنی ئاو و ئاوی میوەکان پێش و پاش کوتان بە ڤاکسێنی کۆرۆنا بۆ باشترکردنی سیستەمی بەرگری جەستە گرنگە. هەروەها ئامۆژگاری ئەوە دەکرێت کە خواردنە قورس و پڕچەورەکان وەک فەست فودەکان لە شەوی پێش و پاش کوتان بە ڤاکسێن بەکار نەهێندرێت.
عەبدوڵڵاهی سەبارەت بە هەندێک ئاسەواری پاش بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا وتی: ئەوانەی کە دەکوترێن ڕەنگە تووشی تا، ئێشی جەستە و هەستی ماندووێتی بن، ئەو کەسانە دەبێت ئاوی میوە و خواردنەکانی وەک شلە و سوپ بەکار بێنن. میوەی تازە، گێزەر، سەوزە و … زۆر باشە./.