لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بابەتێکی گەرم کە بەردەوام لای کاندیدەکانەوە پێداگریی لە سەر دەکرا، باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک بە پێی ئەو دۆخە ئابورییە بوو کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا بینرا. بە تایبەت ئیبراهیم ڕەئیسی لە نێو کاندیدەکاندا بەڵێنی باشترکردنی دۆخەکە و کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم توانا ناوخۆییەکانی دا و خەڵک و شارەزایان بە پێی ئەو کارنامەی کە لە دەزگای دادی ئێران بینرابوو، بە گەشبینییەوە سەیری درووشم و بەڵێنەکانی ئەویان دەکرد و لە ئاکامدا دەتوانین بڵێین کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنیشی لە هەڵبژاردنەکان هەر ئەو بەڵێنە بووە کە خەڵک چاویان لەوەیە دۆخی ئابوری وڵات باشتر بێت و چیدی ئەم گرانی و گۆڕانکارییانە لە نرخی کاڵا و پێداویستییەکاندا نەبینرێت.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بە دەنگی زۆرینەی بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران سەرکەوتنی بە دەست هێنا و لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆدا و بە ئامادەبوونی دەیان بەرپرسی باڵای وڵاتانی جیهان و نوێنەری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی بە فەرمی سوێندی یاسایی خوارد و شوێنی حەسەن ڕۆحانی گرتەوە.
ڕەئیسی لە وتاری دەستبەکاربوونی جارێکی دیکە سیاسەت و ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دووبارە کردەوە. ئەم خولەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران وەک قۆناغێکی نوێی بەڕێوەبردن ناو دەبرێت کە سەرۆک کۆماری نوێ بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند حکومەتەکەی کار دەکات لە پێناو باشترکردنی دۆخی ئابوری بە پشت بەستن بە توانا ناوخۆییەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک بە تایبەت چینی کەم داهات، پاڵپشتی لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی، گرنگیدان بە بازاڕی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ بۆ هەناردەی کاڵا و بەرهەمی ئێرانی. هەروەها لە بەردەم بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ڕایگەیاند کە تاران لەم قۆناغەدا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسی دەکات بەڵام هیچ کات چارەنووسی وڵات و کەرتی ئابورییەکەی بە گەمارۆکان و بڕیاری ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە گرێ نادات. وەک چۆن کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش لە چاوپێکەوتنی ماڵئاوایی حەسەن ڕۆحانی و کابینەکەی ڕایانگەیاند کە گەورەترین هەڵەی کابینەکە ئەوە بووە کە زۆر چاوەڕوانی دەستی ئەو وڵاتانە بووە کە هیچ کات نایانەوێت سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرن و تەنیا لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئیمتیازی زیاتر لە تاران لە ڕێگای دانوستانەکانەوە وەربگرن. ئەمەشیان وەک وانەیەک بۆ کابینەی نوێ ناو برد. سەرۆک کۆماری نوێش هەمان تێڕوانینی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیان هەیە و ئەستەمە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئاسانی بتوانن بۆچوونی خۆیان لە دانوستانەکان بە سەر ئێراندا بسەپێنن.
ئێستا کە کابینەی نوێی ئێران دەست بەکار دەبێت و سەرۆک کۆماریش بە ڕوونی سیاسەتی خۆیی باس کرد کە پەرە بە پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات، پێشبینی دەکرێت پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان بە تایبەت لە گەڵ وڵاتی عێراق زیاتر لە ڕابردوو بەرەوپێش ببرێت. هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێزە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لە پێشوازییەکەی نێچیرڤان بارزانی لە تاران و کۆبوونەوەکانیدا بینرا کە تا چەندە گرنگی بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران – هەولێر دەدرێت.
لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران کە لە گەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە، لە سەر ڕێکخستنەوەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی دەروازە سنورییەکان باس کراوە و تەنانەت نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی ئێران لە پارێزگاکانی کوردستان و کرماشانیش کە لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا چاویان بە نێچیرڤان بارزانی کەوتبوو، هەمان داوایان ئاراستەی سەرۆکی هەرێم کردووە و چاوەڕوان دەکەن بەم هەلومەرجە نوێیە، ئێران و هەرێمی کوردستان بتوانن لە ڕووی ئابوری و بازرگانییەوە لە پێناو دابینکردنی دەرفەتی کارکردن بۆ خەڵکی ناوچە سنورییەکان و مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەر دوو لا، زیاتر لێک نزیک ببنەوە و بتوانن پەیوەندییەکان ببنە قۆناغێکی نوێ و بە پێی ئەو پێشوازییە گەرمە و ئیرادەی بەهێزی بەرپرسانی ئێران و هەرێمی کوردستان، هەر ئەمە چاوەڕوان دەکرێت.
خەڵکی ئێران چاوی هیوایان بڕیوەتە سەید ئیبراهیم ڕەئیسی. ناوبراو لە دەزگای دادی ئێران لە دوو بواردا سەرکەوتووانە کارنامەیەکی زۆر باشی لە خۆی بە جێهێشتووە. یەکەم: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. دووەم: چالاککردنەوەی کارگە و یەکە وەبەرهێنەرەکانی ئێران کە بە هۆی کێشەی دارایی یان گەمارۆکانەوە پەک خرابوون. ئێستا ڕەئیسی بووەتە کەسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکاری ئێران و دەسەڵاتەکانی بەرفراوانتر بووە، بەو پاڵپشتییەی کە لە لایەن دامودەزگاکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها خەڵکەوە لەو دەکرێت، دەتوانین بڵێین کە دۆخی ئابوری ئێران بەرەو گۆڕانکاری جیدی دەڕوات و باشتر دەبێت.
ڕەزا ڕەحمەتیان
بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی