بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تاوەری شێخ شبلی لە ناوەندی شاری دەماوەند و لە نێوان دوو گەڕەکی کۆنی شارەکە بە ناوەکانی قازی و فەرامەدایە.
مێژووی تاوەرەکە
شێخ ئەبوبەکر دڵف بن حەجدەر شبلی لە ساڵی 247 ی کۆچی مانگی لە شاری سامەڕا لەدایکبووە و دواتر لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. باوک و خاڵی شێخ شبلی لە دیوانی خەلیفەکانی عەباسی کاریان دەکرد و ئەمەش بووە هۆی دەستبەکاربوونی ناوبراو وەک بەرپرسێکی سیاسی و لەم بوارەدا چالاکی دەکرد. شێخ شبلی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تەبەرستانەوە وەک میری دەماوەند دەناسرا.
سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ناوبراو لە شاری دەماوەند بە یەکێک لە باشترین سەردەمە مێژووییەکانی شارەکە هەژمار دەکرێت، لە بەر ئەوەی کە خەڵکی شاری دەماوەند لەو کاتەدا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دادپەروەری، ئاسایش و خزمەتگوزارییان پێشکەش کراوە و هەر بۆ ئەمەش ئاسایی بوو کە شێخ شبلی پێگەیەکی زۆر بەهێزی جەماوەری هەبێت و بەردەوام ناوی بە چاکە ببرێت.
عەتاری نەیشابوری سەبارەت بە شێخ شبلی وای وتووە: ” وشەکان ناتوانن وەسفی ئەو بکەن. شبلی لە سەرەتاوە تا کۆتایی پیاوانە و بوێرانە ژیا و هیچ کات لاوازییەک بەوەوە نەبینرا و بەردەوام لە ڕێگای خزمەتکردنی خەڵکدا ئارامی نەدەگرت”.
ڕێژەی خۆشەویستی شێخ شبلی لە نێو خەڵکی دەماوەند هێندە زۆر بوو کە لە پاش کۆچی دوایی ناوبراو لە ساڵی 334 ی کۆچی مانگی لە شاری بەغدا، بڕیاریاندا بینایەک بۆ ڕێزگرتن لەو لە شاری دەماوەند بکەنەوە. ئەمەش مێژووی درووستکردنی تاوەری شێخ شبلییە کە ئەڵبەت لە ڕابردوودا بە پاگنبەز ناسرابوو و هێشتاش یەکێک لە گرنگترین ئاسەوارە مێژووییەکانی شاری دەماوەندە و لە ڕاستیدا مێژووەکەی بۆ سەدەی 4 و 5 ی کۆچی مانگی و سەردەمی حکومەتی سەلجوقییەکان دەگەڕێتەوە.
تاوەری شێخ شبلی لە ڕووی بیناسازییەوە
تاوەری شێخ شبلی سەرەتا بینایەکی سادە بووە و دواتر کاری زۆری لە سەر کراوە و خاوەنی تایبەتمەندییەکی زۆرە لە ڕووی بیناسازی ئەو سەردەمەوە. بەرزاییەکەی نزیک 10 مەترە. گێڕانەوەیەک هەیە کە پێشتر باسی ئەوەی کردووە لە بەشی ناوەوەی بیناکە شتێک وەک زنجیر ئاوێزان کراوە کە ئێستا هیچ ئاسەوارێکی لێ نەماوەتەوە. هەروەها لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەم بینایە ئەوەیە کە چەندین کونی تێدایە و بۆ ئاڵوگۆڕی هەوا لە بەرچاو گیراوە.
شێوازی بیناسازی تاوەری شبلی بە شێوازی ڕازی ناسراوە کە زیاتر پەیوەندی بە شێوازی بیناسازی سەدەی 5 تا سەرەتای سەدەی 7 هەیە، واتە سەردەمی ساسانی، سەلجوقی و خواڕەزمی کە جۆربەجۆربوونی بیناکان لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی بیناسازی ئەو سەردەمانە بووە.
ساڵی 1390 ی کۆچی هەتاوی بە ئامانجی ڕاکێشانی گەشتیاری زۆر، سەوزایی و پارکێکی سەردەمیانە لە تەنیشت ئەم شوێنە درووست کراوە.
لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە
تاوەری شێخ شبلی لە ساڵی 1351 ی کۆچی هەتاوی بە ژمارە 920 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی وڵاتی ئێران تۆمار کراوە، وەک یەکێک لە یادگارە بەجێماوەکانی سەردەمی سەلجوقییەکان لە شاری دەماوەندی پارێزگای تاران./.