ئێران وڵاتێکە خاوەن سیاسەتی سەربەخۆ و بەسراوەی هیچ وڵات و هێزێکی نێودەوڵەتی نییە و لە پاش شۆڕشی ئیسلامی و پێکهێنانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی درووشمی نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوای بەرز کردووەتەوە و تا ئێستاش بە کردەوە ئەوەی سەلماندووە کە درێژەپێدەری ئەم سیاسەتەی خۆی بووە و بوونی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دیکە لە سەر بنەمای مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکان و ڕێزی بەرامبەرە.
ئەمریکا کە خۆی وەک خاوەنی جیهان دەزانێت و لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی ئێران بڕیار بە دەستی ئەم وڵاتە و تاڵانکەری داهات و سەرچاوە سرووشتییەکانی بووە، بە هۆی ئەوەی کە بە شۆڕشی ئیسلامی دەستی لەوە بڕاوە، بەردەوام سیاسەتی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی پەیرەو کردووە و یەکێک لە پیلانگێڕییەکانیش ئەوە بووە کە ئێران لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە پەراوێز بخرێت و سیاسەتی بە مەترسی پیشاندانی ئەم وڵاتەش بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپییەوە جێبەجێ کراوە.
بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران و سەرکەوتنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی پڕوپاگەندەی دوژمنان پێی نایە قۆناغێکی نوێ و هەوڵیان دەدا کە ئێران زیاتر لە جاران بە مەترسییەک پیشان بدەن بەڵام ئەوەی کە لە تاران بینرا دۆخێکی جیاواز بوو و دیسانەوە پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و گوێڕایەڵەکانی پووچەڵکردنەوە.
115 بەرپرسی باڵا لە 73 وڵاتەوە لە گەڵ نوێنەری زۆربەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بەشدارییان کرد. لە ئەمریکای لاتینەوە، لە ئەفریقا، ئاسیا و تەنانەت ئەورووپا بەشداری ڕێوڕەسمەکەیان کرد. لەم نێوەندەدا بەشداری و گرنگیدانی وڵاتانی دراوسێ بەم ڕێوڕەسمە مانا و پەیامێکی گەورەتری هەبوو. تورکیا سەرۆکی پەرلەمانی خۆیی ناردە تاران، ڕووسیا بە هەمان شێوە، پاکستان لەو ئاستەدا بەشداری کرد، سەرۆک کۆماری ئەفغانستان هاتە تاران، سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵا بەشداریی کرد، کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە هاتنە تاران و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشداریی کرد.
وتارەکەی سەرۆک کۆماری نوێی ئێرانیش هۆکارێکی دیکەی پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان بوو. ڕەئیسی بە ڕاشکاوانە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەم خولەی سەرۆکایەتیدا ڕوون کردەوە و وتی کە تاران لایەنگر و پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەبێت و دەستی دۆستایەتی و هاوکاری بۆ وڵاتانی ناوچەکە درێژ دەکاتەوە. ناوبراو جەختیکردەوە کە هێزی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا ڕوبەڕوی دوژمنان و پیلانگێڕییەکانی ئەوان دەبێتەوە و بە هاوکاری هاوبەش لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی دابینکردنی زیاتری ئاسایش و سەقامگیری دەدرێت. ڕاشیگەیاند کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی دراوسێ بە ستراتیژێکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوە لەم خولەدا دادەنرێت.
لە کاتێکدا ئەمریکا بە هەموو هێزێکەوە و بەوپەڕی پێدانی ئیمتیازە سیاسی و داراییەکانەوە وڵاتێکی گوێڕایەڵی ناچار بە بوونی پەیوەندی زۆرەملە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەکات، دەبینین کە ئێران چۆن لەم ئاستە باڵایەدا بووەتە ناوەندی دیپلۆماسیەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و بێهۆ نییە کە بەردەوام دەڵێین سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و دوژمنانی دیکە لە بەرامبەر گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران شکستی هێناوە./.