بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن لاسجردی شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە گەڵ میوانانی بیانی بەشدار لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی ناوبراو، بابەتێکی پێشبینی کراو بوو، چاوپێکەوتنەکانیش زیاتر بۆ ئەوە بووە کە میوانانی بیانی، بۆچوون و هەڵوێست، پێشنیار و داواکارییەکانی خۆیان لە گەڵ سەرۆک کۆماری نوێی ئێران تاوتوێ بکەن. ئامادەبوونی بەرپرسانی وڵاتانی بیانی لە وەها ڕێوڕەسمێک پیشاندەری پەیوەندییەکی سیاسی گونجاوی وڵاتانە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
ناوبراو وتی: بانگهێشتکردنی شاندێکی سیاسی بۆ وڵاتێکی دیکە، پیشاندەری بەردەوامی ڕاوێژ، بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکان، نیازپاکی هەر دوو لا و هاوکاری هاوبەشە. شاندەکانی میوان لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران هەوڵیاندا کە وێڕای بەشداری چالاکانە لەو ڕێوڕەسمەدا، کۆبوونەوەیان لە گەڵ بەڕێز ڕەئیسی هەبێت.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە چاوپێکەوتنی بەرپرسانی بیانی لە گەڵ سەرۆک کۆماری نوێی ئێران تا چەندە دەتوانێت لە پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان لە دژی کابینەی نوێی ئێران کاریگەریی هەبێت، وتی: ئەوانەی کە کێشەیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و کەسایەتییە دیارەکانی هەیە، بەردەوام دوژمنایەتی خۆیان ئاشکرا کردووە، ئەوەی کە میدیاکانی دوژمنان هاوکات لە گەڵ بەشداری و سەرکەوتنی ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکان، هێرشێکیان لە دژی ناوبراو دەستپێکرد، پیشاندەری ئەوەیە کە تا چەندە لەم ڕووداوە گرنگە سیاسییەی ئێران هەست بە شکست دەکەن.
لاسجردی وتی: لە ئێستادا بابەتی گرنگ دەنگی خەڵکە بە ڕەئیسی و هەڵبژاردنی ئەو و سەرەڕای پیلانی دوژمنان، ڕێوڕەسمی سوێندخواردن بەوپەڕی شکۆوە بەڕێوەچوو. ئەمەش پیشان دەدات کە وڵاتانی بیانی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ڕێز لە دەنگی خەڵکی ئێران دەگرن و قبووڵی پێگەی نوێی ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێ دەکەن و ئەوەی کە دوژمنان و میدیاکانی ئەوان هەوڵیان بۆ دەدا مسۆگەر نەبووە و شکستی هێناوە./.