بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە زۆربەی وڵاتان پرۆسەی کوتانی خەڵک بە ڤاکسێنی کۆرۆنا وایکردووە کە بەخشینی خوێن بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمتر بێت. لە ئەم جیهانەدا بەها مرۆڤییەکان گەورەتر و زیاترە لە هەر بابەتێکی دیکە، مرۆڤایەتیش بەو تایبەتمەندییانەوە ناسراوە، یەکێک لەو بابەتە گرنگانەش بەخشینی خوێنە کە بە واتای گەڕانەوەی ژیان بۆ مرۆڤەکانی دیکە دێت، دەرفەتێکی لەبارە کە خودای گەورە لە ڕێگای مرۆڤەکانەوە بۆ یەکتر دابینی کردووە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا نەک تەنیا لە ڕێگای بەخشینی خوێنەوە ناگوازرێتەوە، بەڵکوو ئەوەش خوێنی خۆی دەبەخشێت تووشی کێشەیەک نابێت، لە بەر ئەوەی کە کەسانی تەندرووست و ئەوانەی تووشی کۆرۆنا نەبوون، بۆ بەخشینی خوێن سەردانی ناوەندەکانی تایبەت بەو کارە دەکەن.
کۆرۆنا زیاتر لە ڕێگای قەرەباڵغییەوە لە مرۆڤەکانەوە بۆ یەکتر دەگوازرێتەوە، جیهان هیوای بەوە هەیە کە لە ڕێگای ڤاکسێنەوە ئەم پەتا نەگریسە واز لە خەڵک بێنێت و ژیان جارێکی دیکە ئاسایی ببێتەوە.
ئایا پلازمای خوێنی ئەو توشبووانەی کۆرۆنا کە چاکبوونەتەوە لە چارەسەرکردنی توشبووانی دیکەدا کاریگەری هەیە؟
عەلیڕەزا کەبیری جێگری ناوەندی خوێن بەخشینی پارێزگای قۆم لە ئێران ڕایگەیاند کە ئەوانەی پێشتر تووشی کۆرۆنا بوون بە پێدانی پلازمای خوێنی خۆیان بە کەسانی توشبووی دیکە دەتوانن پرۆسەی چاکبوونەوەی ئەوان خێراتر بکەن ئەڵبەت ئەمە هێشتا بۆ وەزارەتی تەندرووستی ئێران بە تەواوی پشتڕاست نەبووەتەوە و لە قۆناغی لێکدانەوە و تاقیکردنەوەدایە.
ناوبراو وتی کە ئەوانەی ڤاکسێنی کۆرۆنا وەردەگرن دەتوانن 3 تا 4 هەفتە خوێنی خۆیان نەبەخشن و پاش ئەم ماوەیە ئەگەر نیشانەکانی وەرگرتنی ڤاکسێنیان تێدا بەدی نەکرێت دەتوانن بە بێ هیچ کێشەیەک خوێن ببەخشن.
کەبیری ڕایگەیاند: ئەوانەی کە ڤاکسێنی سپۆتنیک یان ئەسترازنکایان وەرگرتووە، دەتوانن 28 ڕۆژ پاش وەرگرتنی ڤاکسێنەکە بۆ بەخشینی خوێن سەردانی ناوەندە تایبەتەکان بکەن بەڵام ئەوانەی جۆرەکانی دیکەی ڤاکسێن وەردەگرن هیچ ڕێگرییەک لە بەردەم ئەواندا بۆ بەخشینی خوێن نییە و پاش باشتربوونی نیشانە سەرەتاییەکانی ڤاکسێن وەک تا، ئێش و ئازار، لاوازی و … سەردانی ناوەندەکانی بەخشینی خوێن بکەن.
پرۆسەی کوتانی خەڵک بە جۆرەکانی ڤاکسێنی کۆرۆنا وایکردووە کە خەڵک بەرە بەرە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان بگەڕێنەوە، هەرچەندە کە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانیش هێشتا لە گەڵ ئەمە مەودایەکی زۆریان هەیە./.