بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس وتی کە ئەمڕۆ نیشانەکانی سەرکەوتنی بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی ئاشکراتر بووە و پرۆسە سەربازییەکانی شمشێری قودس یەکێک لەو نیشانانە بووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێستا گۆڕەپانەکە بە دەستی بەرەی خۆڕاگرییەوە دەبینرێت و هێندە لەو شەڕەدا بە سەر دوژمنی زایۆنیستیدا زاڵبوون کە تەل ئەبیب و لایەنگرانی قەد بیریان لە دۆخێکی وەها نەکردووەتەوە.
ڕەئیسی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی فەڵەستینی بە هۆکاری هیواداری دۆستان و بێهیوایی دوژمنانی بەرەی خۆڕاگری ناو برد و ڕایگەیاند: گرنگترین پەیامی ئەم سەرکەوتنە ئەوە بوو کە بیرۆکەی خۆڕاگری لە فەڵەستین وەڵامی دایەوە و ئەنجامی هەبووە و ئەوەش کە داهاتووی فەڵەستین و ناوچەکە دەستەبەر دەکات، تێکۆشان و خۆڕاگری لایەنەکانی بەرەی خۆڕاگرییە.
ڕاشیگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە بەرەی پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین و ئازادی قودس دەمێنێتەوە و فەڵەستین لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کێشەی یەکەمی سەرەکی جیهانی ئیسلامە./.