بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لە چاوپێکەوتنی فالح فەیاز سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی، وتی: فەتواکەی مەرجەعیەتی باڵای عێراق بۆ پێکهێنانی حەشدی شەعبی بڕیارێکی ووشیارانە بوو کە ئەنجام و دەسکەوتی زۆری بۆ وڵات و خەڵکی عێراق هەبووە و بەردەوامیش دەبێت.
ڕەئیسی پاڵپشتیی پێکهاتەکان و گرووپە جیاجیاکانی بە گەورەترین خاڵی گرنگ بۆ حەشدی شەعبی زانی و وتی: حەشدی شەعبی پاڵپشتێکی گەورەیە بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی عێراق و بەرگری لە خەڵکەکەی لە بەرامبەر پیلانگێڕی و نەخشەکانی دوژمنان.
ناوبراو وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، ڕایگەیاند: بە بەرەکەتی خوێنی ئەم شەهیدانە و شەهیدانی دیکەی بەرەی خۆڕاگری، پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی ئێران و عێراق بەهێزتر دەبێت.
سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبیش لەو چاوپێکەوتنەدا کاریگەری گیانفیدایی و خوێنی پاکی شەهید سولێمانیی لە بەهێزتربوونی پەیوەندی نێوان گەلانی ئێران و عێراق ڕوون کردەوە و وتی: ئەمڕۆ زۆربەی عێراقییەکان حەشدی شەعبی بە پارێزەری دەسەڵات و سەروەری عێراق و ڕێگری لە هەبوونی دیکتاتۆریەت لەم وڵاتە دەزانن./.