بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە وتارێکدا کە لە ژمارەیەک میدیای کوردیدا بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە خۆی و هاوڕێکانی چەند ساڵیک دەبێت پەرەیان بە فیکری کرانەوەی کوردی بە ڕووی عێراق و ئێران داوە و دژی ئەوەش بوون کە ڕق و کین بەرامبەر بەم دوو وڵاتە درووست بکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1994 تا ئێستا بە ئەمری واقیع دانی بە هەرێمی کوردستان دا ناوە و هیچ هەستیارییەکی بەرامبەر بە سروود و ڕەمز و مێژووی کورد نییە.
سەرکەوت شەمسەدین بە ئاماژە بە مێژووی ئێرانییەکان لە گەڵ کورد ڕایگەیاندووە کە بە دوژمن زانینی ئێران بۆ کورد ئەوپەڕی ساویلکەیی و تێنەگەیشتنە لە کەلتور و مێژوو و فیکری سیاسی ئەم ناوچەیە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی نەورۆز لە کۆنسووڵخانەی ئێران لە شاری سلێمانی داوە و ڕایگەیاندووە کە گرووپێکی میوزیکی کوردی ئێرانی لەو ئاهەنگەدا بوون کە تەواوی گۆرانییەکانیان بە کوردی و جلی کوردیشیان لە بەر بووە و تەنانەت سەرکۆنسووڵی ئێران زۆری پێی باش بووە کە میوانەکان بە زمانی کوردی قسە بکەن.
ڕاشیگەیاندووە کە هیچ هەستیارییەکی لە بەرپرسانی ئێرانیدا نەبینیوە بەرامبەر بە ناوهێنانی کوردستان و ئەوان باوەڕێکی قووڵیان هەیە کە کورد و فارس خاوەن مێژوو و کەلتوری هاوبەشن و پێکەوە لە ناوچەکە بە هەزاران ساڵ حوکمیان کردووە./.