بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جاسم محەممەد جەعفەر لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی ئێرنا وتی کە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان بەردەوام لە نێو لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە و ئەو دەنگۆیانەش کە باس لە دواخستنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکەن گرنگ نییە، لە ڕاستیدا ئەو لایەنانەی کە دەزانن کاریگەرییەکیان لە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکان نییە باس لە دواخستنی دەکەن.
ناوبراو وتی: بە پێی ئەزموونەکانی خۆم دەتوانم بڵێم کە هەڵبژاردنەکان لە هەمان وادەی دیاریکراوی خۆی لە 10 ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوە دەچێت.
سەرۆکی یەکێتی ئیسلامی تورکمانەکانی عێراق وتی: ناتوانم بڵێم کە زۆرترین کورسی و باڵاترین دەنگ بۆ ڕەوتی سەدر بێت لە بەر ئەوەی کە هاوکێشەی نوێ هاتووەتە پێشەوە و کاریگەریی لە سەر هاوپەیمانی سائیرۆن و ڕەوتی سەدر داناوە، بۆ نموونە، لاوازبوونی ئەو وەزارەتانەی کە وەزیرەکانیان لە ڕەوتی سەدر بووە، وەک وەزارەتەکانی کارەبا و تەندرووستی، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دۆلار کە دەوترێت ڕەوتی سەدر دەستێوەردانی تێیدا هەبووە.
ئەو وەزیرەی پێشووی حکومەتی عێراق وتی کە کۆی گشتی ئەم ڕووداوانە کاریگەریی لە سەر پێگە و دەنگی سەدر هەبووە و پێشبینی دەکرێت لایەنگرانی بە ڕێژەیەکی کەمتر بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.
جاسم محەممەد جەعفەر وتی: سەرەڕای ئەمەش سەدرییەکان کاریگەری خۆیان لە سەر هەڵبژاردنەکان هەیە بەڵام پێم وایە کە نەتوانن زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەست بێنن و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە لە سەدا 10 تا 20 دەنگیان کەم ببێتەوە.
ناوبراو وتی: دۆخی هاوپەیمانی فەتحیش چەندان لەبار نییە و هۆکارەکەشی بۆ ناکۆکی نێوان لایەنگرانی دەگەڕێتەوە، واتە لە نێوان ئەوانەی پاڵپشتی لەم حکومەتە دەکەن تا گرووپە چەکدارەکان.
ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە پێی وایە کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی بەراورد بە ساڵی 2018 دۆخێکی باشتری هەیە و ڕەنگە ژمارەی کورسییەکانی لە 25 کورسییەوە بگاتە 40 کورسی لە پەرلەمانی داهاتوو.
ناوبراو وتی: سائیرۆن، فەتح و دەوڵەتی یاسا لە گەڵ هاوپەیمانییەکەی نێوان سەید عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی دەتوانن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ڕۆڵی گرنگیان هەبێت، ئەڵبەت ڕێژەی دەنگەکانی حەیدەر عەبادی بەراورد بە ساڵی 2018 کەمتر دەبێت.
وتیشی کە بە بۆچوونی من ژمارەی کورسییەکانی حەکیم و عەبادی پێکەوە 30 تا 35 کورسی دەبێت.
جاسم محەممەد جەعفەر وتی: کاریگەری لایەنە سوننەکان زیاتر لە ڕابردوو دەبێت لە بەر ئەوەی کە ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنی زیاتریان هەیە.
وتیشی کە سەرەڕای ئەمەش، ڕۆڵی هاوپەیمانی شێعەکان لە دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێ یەکلاکەرەوە دەبێت.
وەزیری پێشووی وەرزش و لاوانی حکومەتی عێراق سەبارەت بە هەڵوێستەکەی موقتەدا سەدر بۆ بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان وتی: بڕیارەکەی سەدر لە گەڵ ئەوانەی دیکە کە باس لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەکەن جیاوازیی هەیە. موقتەدا هەستی بە گوشارە سیاسی و جەماوەرییەکان کرد، دابەزینی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلار کاریگەریی خۆیی لە سەر چینی هەژار و کەم داهاتی کۆمەڵگا داناوە، واتە بەشێکی زۆری لایەنگرانی ڕەوتی سەدر. دۆخی وەزارەتی تەندرووستی بە تایبەت ئاگرکەوتنە لە چەندین نەخۆشخانەی عێراق هاوپەیمانی سائیرۆنی ڕوبەڕوی پرسیار کردووەتەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەم وەزارەتە پەیوەندیی بەوانەوە هەیە. هەروەها لاوازبوونی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا کە ئەم وەزارەتەش سەر بە هاوپەیمانییەکەی سەدرە، هەر بۆیە ناوبراو هەستی بەم ناڕەزایەتی و گوشارەی خەڵک کرد و بەو ڕاستییە گەیشت کە دەتوانێت کاریگەری لە سەر دەنگەکانی دابنێت، هەر بۆیە ڕایگەیاند کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکات.
جاسم محەممەد جەعفەر لە کۆتاییدا وتی کە ئەم بڕیارانەی سەدر شتێکی نوێ نییە و هاوپەیمانی سائیرۆن جارێکی دیکە بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان دەگەڕێتەوە./.