بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاردانەوەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر ڕووداوی هێرشی سەر کەشتییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە دەریای عۆمان بەردەوامە و ئەو وڵاتانە بە بێ هیچ بەڵگەیەک بەردەوامن لە هێرشە میدیاییەکانیان لە دژی ئێران. ئەم پیلانگێڕییەش دیارە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و ئامانجەکەشی تەنیا زیاترکردنی گوشارە نێودەوڵەتییەکانە لە دژی تاران.
کاردانەوەکانیش بە لێدوانی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و ئەمریکا پێی نایە قۆناغێکی دیکە و زیاتر بۆ ئەوە بوو کە ئێران لە وەڵامی ئەو هەڕەشە و لێدوانانەدا کاردانەوەیەکی هەبێت و ئەوان لە ئەنجومەنی ئاسایش و دواتر بۆ هەر هەنگاوێکی دیکە لە دژی ئێران دەستکراوە بن.
پیلانگێڕییەکان بەمەش ڕانەوەستا و بەریتانیا ڕایگەیاند کە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە دەستی بە سەردا گیراوە و هاوکات میدیاکانی ڕۆژئاواش پرۆژەیەکی دیکەیان بۆ ناسەقامگیر پیشاندانی کەنداوی فارس و پیشاندانی ئێران وەک مەترسییەک دەستپێکرد.
سەبارەت بەو شەڕە دەروونییە کە لەم ماوەیەدا دژی ئێران هەبووە، ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ دەدرێت:
یەکەم: ئەو پڕوپاگەندەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە هێرشی سەر کەشتییەکەی ئەو ڕژێمە و ناردنی دۆسیەکە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کاتێکدا بووە کە هێشتا هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەو لێدوانانە نەخراوەتەڕوو و تەنانەت ناو و وێنەی ئەو کەسانەش کە دەوترێت لەو هێرشەدا کوژراون بڵاو نەبووەتەوە.
دووەم: لە دووەم پڕوپاگەندەدا و سەبارەت بە کەشتییە بەریتانییەکە سەرەتا وایان باس دەکرد کە دەوترێت مینێک بەر ئەو کەشتییە کەوتووە و پاشان ئەوەیان بڵاوکردەوە کە بە درۆن کراوەتە ئامانج و دواجاریش ڕایانگەیاند کە ڕفێندراوە.
بەڵام یەک ڕۆژ دوای ئەوە بەرپرسانی بەریتانیا بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک ڕایانگەیاند کە ڕفاندنی ئەو کەشتییە دوورە لە ڕاستییەوە.
لە درێژەدا، ئەم پیلانگێڕییە شکستی هێنا و بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکەش، کەناڵی ئەمنی سعوودی ئینتەرنەشناڵ هاتە گۆڕەپانەکەوە و بە بڵاوکردنی تۆمارێکی دەنگی بێ ناو و نیشان کە هیچ شتێک ناسەلمێنێت، ڕایگەیاند کە کەشتییەکە لە لایەن ئێرانەوە ڕفێندراوە و پاشان ئازاد کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا تەنانەت گرتەیەکی ڤیدیۆیی زۆر کورت و تۆمارکراو بە مۆبایل لە سەر بوونی هێزەکانی ئێران لەو کەشتییەدا بڵاو نەکراوەتەوە تا ڕاستییەکانی ئەو پڕوپاگەندەیە و سیناریۆ خەیاڵییەکە بسەلمێنێت.
میدیاکانی ڕۆژئاوا تەنانەت ئەوەش ناڵێن کە ئەگەر ئێران ویستی ڕفاندنی کەشتییەکەی هەبووە بۆ ئازادی کردووە و لە بنەڕەتدا ئامانج لە ڕفاندن و ئازادکردنی ئەو کەشتییە چ بووە.
سێهەم: تێکدانی سیستەمی 4 نەوتهەڵگری دیکە هاوکات لە گەڵ ئەم سیناریۆ درۆیە، پیشان دەدات کە بڕیار بووە بە جێبەجێکردنی سیناریۆیەکی گەورەتر و شەڕێکی دەروونی و میدیایی بەربڵاوتر، ڕای گشتی بەرەو ناسەقامگیری لە هێڵی کەشتیوانی بازرگانی لە کەنداوی فارس و دەریای عۆمان ببرێت و ئێرانیش بە تاوانبار بناسرێت.
چوارەم: ئەم پیلانگێڕی و سیناریۆ خەیاڵییە هاوکات لە گەڵ پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ئێران بووە بەڵام بە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە لایەن بەرپرسێکی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەبارەت بە جێگیربوونی تیمی شەڕی ئەلکترۆنی مۆساد لە ئیمارات بە ئامانجی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، ئاشکرا کرا و وەک هەمیشە ڕوبەڕوی شکست کرایەوە.
لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئێرانییە پیشان دەدات کە هەرچەندە بەرەی عەرەبی – ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵەکانیان بە ئاراستەی هاوکاری هاوبەش ڕێکدەخەن تا پرۆژەی ناسەقامگیرکردنی ناوچەی کەنداوی فارس جێبەجێ بکەن، بەڵام ووشیاری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمجارەش پیلانگێڕییەکان تووشی شکست دەکات.
پێنجەم: هاوڕێبوونی ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گەڵ ئەم یارییە ناپاکانەی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و بەریتانیا لە ئاستێکی باڵادا بینرا، لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتانە تا ئێستا بچووکترین کاردانەوەیان لە بەرامبەر کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە، بە تایبەت لە هێرشی سەر چەندین کەشتی، کردەوەی تیرۆریستی لە ناوخۆی ئێران و نموونەکانی دیکە.
بەم پێیەش، زۆر ئاشکرایە کە کۆی گشتی ئەم پیلانگێڕییانە بۆ ئەوەیە کە ئێران وەک مەترسییەک لە سەر ناوچەکە و تەنانەت جیهان پیشان بدرێت و ئامانجی دیکەی ئەوەیە کە ئیمتیازی پێویست لە تاران وەربگیرێت و کاریگەری لە سەر سیاسەتی ناوچەیی ئێران دابنێن، بابەتێک کە تەنیا درۆ شاخدارەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکای ئاشکرا کرد کە باسی گۆڕینی سیاسەتەکانی لە بەرامبەر ئێران دەکرد، ئەڵبەت ئەوەشی پیشاندا کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی تا چەندە لە بەرامبەر بەردەوامبوونی ستراتیژی خۆڕاگریی چالاکانەی ئێران دەستیان بەسراوەیە./.