بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قاسم موحبعەلی دیپلۆماتکاری پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وتووێژێکدا سەبارەت بە زیاتربوونی هەوڵەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی کەنداوی فارس، وتی: لە کاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشی سەر کەشتییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە عۆمان و ئاوەکانی کەنداوی فارس ڕۆژانە دەبینین کە هەواڵی جۆربەجۆر لە سەر ئەو ڕووداوە بڵاو دەبێتەوە و تەنانەت میدیاکانی ئەو وڵاتانە و ڕژێمی زایۆنیستی بە بێ هیچ بەڵگەیەک ئێرانیان بەو هێرشە تۆمەتبار کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ بەڵگەیەک کە دەستی ئێران بە هەر شێوازێک لەو هێرشەدا بسەلمێنێت، بوونی نییە. بە بۆچوونی من لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین لایەن بەردەوام هەوڵی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە و ئاژاوەگێڕی دەدەن. لە لایەکی دیکەوە ئەم دۆخەی ئێستا و زیاتربوونی گوشارەکانی سەر تاران بۆ ئەوەیە کە بتوانن لە ئێران ئیمتیاز وەربگرن.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە دەڵێن درۆنەکانی ئێران لە ناوچەکە دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە و یان ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە دەدات، ڕاست نییە، لە بەر ئەوەی کە ئەمڕۆ نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو لە ناوچەکانی دیکە هەر گرووپ و لایەنێک، تەنانەت گرووپە تیرۆریستییەکانیش ئەو درۆنانە بەکار دێنن و پێشکەوتووتر لەوەش کە لای هەندێک وڵاتەوە هەیە. پێم وایە کە سیناریۆیەکی ئەمنی و سیاسی بۆ ناوچەکە ئامادە کراوە و جێبەجێ دەکرێت. ئەوەی کە واشنتن و لەندەن لە ماوەیەکی کورتدا ڕووداوەکانی کەنداوی فارس لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیستی ئەندازیاری دەکەن و لە لایەکی دیکەوە تاران بەو ڕووداوانە تۆمەتبار دەکەن، هەمووی بە هۆی ئەوەیە کە سیناریۆی زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی ئێران جێبەجێ بکەن.
ئەو شرۆڤەکارە باڵایەی کاروباری ناوچەکە وتی: هەوڵێک لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە هەیە کە بە هاوکاری ئەمریکا و بەریتانیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێک لە دژی ئێران دەربکرێت بەڵام بە بۆچوونی من ئەنجومەنی ئاسایش لەم قۆناغەدا توانای وەها بڕیارێکی نییە و ڕەنگە چین و ڕووسیاش ڤیتۆی هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە بکەن. هاوکات لە گەڵ ئەمەش دەبینین کە ڕەوشی باشوری لوبنان بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ئاڵۆزە و حیزبوڵڵاش هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین. ئەم دۆخە دەتوانێت ناوچەکە بە ئاراستەی شەڕێکی نوێ ببات، سەرجەم ئەم پیلانگێڕییانەش بۆ ئەوەیە کە ئێران پەلکێشی شەڕێک بکرێت.
موحبعەلی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدات پێش هەموو شتێک ڕاوێژ بە ئەمریکا و بەریتانیاوە بکات، هەنگاوەکانی تەل ئەبیب بە هەماهەنگی هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا دەکرێت و ئامانجەکەشی زیاترکردنی گوشارەکانی دژ بە ئێرانە، ئەوان بە وردی چاودێری دۆخی ناوخۆیی ئێران دەکەن.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: لە کاتێکدا کە چاوەڕوان دەکرێت گەڕی حەوتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست پێبکات، ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن زیاترین بەرژەوەندی خۆیان لەو ڕێگایەوە دابین بکەن، ئەوا لە ئێستادا هەوڵی داڕشتن و جێبەجێکردنی سیناریۆی نوێ لە ناوچەکە دەدەن تا بتوانن زیاترین گوشار لە سەر ئێران دابنێن، ئەوەش کە لە ناوچەکە بە تایبەت لە ئاوەکانی کەنداوی فارس و دەریای عۆمان ڕوو دەدات بەشێکە لەو سیناریۆیەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی./.