بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و نوێنەرانی باڵای وڵاتانی جیهان بەشدارییان کرد بەڵام ئامادەبوونی بەرپرسانی عێراقی گرنگییەکی دیکەی هەبوو و پیشانی دەدا کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا چەندە لە بەرەوپێشچووندایە.
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوە، سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، فالح فەیاز سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی، فایەق زیدان سەرۆکی دەزگای دادی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بەرپرسانەی عێراقی بوون کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەی تاراندا کرد و پیشانیاندا کە گرنگی بە گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا لە خولی نوێی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران دەدەن.
هەروەها ئامادەبوونی ئەو ژمارە بەرپرس و کەسایەتییە باڵایەی عێراق وەڵامێکی بەهێزە بۆ ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا لاواز بکەن./.