بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند کە پلانی ئەوەمان هەیە لەم خولەی سەرۆکایەتیدا گەشەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بدەین و کۆماری ئیسلامی ئێران وەک چۆن حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بەردەوام جەختیان کردووەتەوە، خوازیاری عێراقێکی بەهێز و سەقامگیرە و هیوادارین هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق ببێتە دەرفەتی مسۆگەربوونی داواکارییەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە لە پێناو کەرامەت و بەهێزبوونی زیاتر.
ڕەئیسی وتی: ئێران لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتە تەنانەت لە بەخشینی گیانی ڕۆڵە ئازیزەکانی وەک شەهید قاسم سولێمانیش درێغی نەکردووە.
سەرۆک کۆماری عێراقیش لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند کە تەنانەت شەڕی سەپێندراوی چەندین ساڵەی سەدامیش نەیتوانی پەیوەندی نێوان گەلانی ئێران و عێراق لە ناو ببات و وتی: سەرەڕای ئەوەی کە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات گەشەی سەندووە بەڵام هێشتا دەرفەتی زیاتر بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە پێشدایە.
بەرهەم ساڵح وتی: ئێران بە کردەوە ئەوەی سەلماندووە کە هاوڕێ و هاوکاری ڕۆژە دژوارەکانی عێراقە و ئەمەش ڕووناکی بەردەم داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەبێت./.