بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران ئەمڕۆ پێنج شەممە 5 ی ئابی ساڵی 2021 بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئەم وڵاتە و دەیان بەرپرسی باڵا لە وڵاتانی دیکەی جیهان لە پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمەدا کە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی کە قۆناغێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی ئێران دەستیپێکردووە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەت لە ڕووی ئابورییەوە ستراتیژی سەرەکی کابینەی نوێی حکومەتی ئێران بە هاوکاری پەرلەمان دەبێت.
هەروەها سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لە وتاری خۆی لە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسان و میوانانی وڵاتانی دیکەی جیهان وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لایەنگری مافی مرۆڤ دەبێت لە هەر کوێی ئەم جیهانە بێت، لە ئەفریقاوە تا یەمەن و سوریا و ناوچەکانی دیکە.
ناوبراو وتی کە ئەم کابینەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کابینەی یەکڕیزی نیشتمانی لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانجە بەرزەکانی وڵاتدا دەبێت.
ڕەئیسی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا جەختی لە سەر پاڵپشتیکردنی لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی، دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک، کەڵک وەرگرتنی شیاو لە سەرچاوە سرووشتییەکان، گەڕانەوەی پێگەی دراوی نیشتمانی و برەودان بە کەرتی هەناردە و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان کردەوە.
سەرۆک کۆماری نوێی ئێران جەختیکردەوە کە حکومەتەکەی گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و وڵات دەدات.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی کە توانا و دەفرایەتییەکانی ئێران لە ناوچەکە لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە و تەنیا لە دژی دەستێوەردان و پیلانگێڕی وڵاتانی بێگانە بەکار دێت.
وتیشی کە دەستی دۆستایەتی بە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەدەم و دڵنیایان دەکەمەوە کە بە پێی فەتوای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، چەکی ناوەکی هیچ کات بەشێک لە سیاسەتی ئێمە نەبووە و نابێت و پلانی ناوەکی تەواوی ئاشتیخوازانەیە.
سەرۆک کۆماری نوێی ئێران وتی کە دەبێت گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا هەڵبگیرێت و لە هەر ڕێگایەکی دیپلۆماسیش بۆ ئەم مەبەستە پێشوازی دەکەین.
وتیشی کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بە ستراتیژی سەرەکی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم چوار ساڵەدا دادەنرێت.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بە پێی مادەی 121 ی دەستووری ئێران بە ئامادەبوون لە تەنیشت غوڵام حوسێن ئێژەیی سەرۆکی دەزگای داد، وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بە فەرمی سوێندی یاسایی خوارد./.