بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەوت وڵاتی عەرەبی – ئەفریقی بە شێوازی فەرمی لە بەرامبەر بڕیارەکەی موسا فەکی محەممەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەفریقا و پێدانی ئەندامێتی چاودێر بە ڕژێمی زایۆنیستی لەو یەکێتییە و قبووڵکردنی نامەی دەستبەکاربوونی باڵیۆزی ئەو ڕژێمە هاتنە دەنگ و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ئەو حەوت وڵاتە بریتین لە: موریتانیا، میسر، جەزایر، تونس، لیبیا، کۆمۆر و جیبۆتی.
لە بەیاننامەیەکدا کە واژۆی نوێنەرانی هەر حەوت وڵاتەکەی لە سەرە، هاتووە کە ئەم پرسە دەبوو لە باڵاترین ئاستی یەکێتی ئەفریقا بڕیاری لە سەر بدرێت. لەمێژە یەکێتی ئەفریقا و وڵاتەکانی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیان لە سەر پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین و ئیدانەکردنی کردەوەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاندووە. ئەم بڕیارە لە گەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی ئەفریقا، پیرۆزییەکان و یاساکانی یەک ناگرێتەوە.
هەروەها ئەو وڵاتانە لە ڕێگای باڵیۆزەکانی خۆیان لە یەکێتی ئەفریقا ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر قبووڵکردنی نامەی دەستبەکاربوونی باڵیۆزی ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگەیاند و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم پرسە دەبێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی جێبەجێکاری یەکێتی ئەفریقا تاوتوێ بکرێت./.