بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوکمی سەرۆکایەتی کۆماری سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە ڕادەستی ناوبراو کرا.
دەقی حوکمەکەی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بەم شێوازەیە:
بسم اللە الرحمن الرحیم
و الحمد للّه ربّ العالمین و صلّی اللّه علی محمّد و آله الطّاهرین سیّما بقیّة اللّه فی الارضین.
سوپاس و ستایشی خودای زانا و بەتوانا دەکەین کە بە بەخششی خۆی، ئێرانی جارێکی دیکە لە تاقیکردنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو کرد و گەلی گەورەی ئێرانیش لە هەلومەرجێکی دژواردا، بە بەشداری شکۆمەندانەی خۆی، سەروەری و دەسەڵات و کاریگەری دەنگی خەڵکی لە سەر بەڕێوەبردنی وڵات ئاشکرا کرد و بە هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی خاوەن پێگە و پلەبەرز لە چینی زانایان و بە ئەزموونێکی دەرەوشاوەی بەڕێوەبردن، ئیرادەی بەهێزی خۆی لە بەردەوامیدان بە ڕێگای ڕووناکی شۆڕشی ئیسلامی کە هەمان ڕێگای دادپەروەری و پێشکەوتن و ئازادییە، پیشاندا.
ئەمڕۆ نیشتمانی ئازیزمان، تینوی خزمەت و ئامادەی بەرەوپێشچوونە لە سەرجەم بوارەکان و پێویستی بە بەڕێوەبەرانی بەتوانا و تێکۆشەڕ و زانا و بوێرە کە بتوانن توانا ئاشکرا و شاراوەکانی گەل، بە تایبەت گەنجان کە زیاترە لە کێشە و گرفتەکان، وەگەڕبخەن و بیهێننە گۆڕەپانی کار و تێکۆشانی داهێنەرانەوە، بەربەستەکانی بەردەم کەرتی وەبەرهێنان چارەسەر بکەن، سیاسەتی بەهێزکردنی دراوی نیشتمانی بە جیدی ببەنە پێشەوە و هەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی کێشەی بژێوی ژیانی چینی مامناوەند و هەژاری کۆمەڵگا بدەن کە قورسایی کێشە ئابورییەکان بە زۆرینە کەوتووەتە سەر شانی ئەوان. ئەو بەڕێوەبردنەی کە ڕێگای پێشکەوتنی گەلی ئێران ئاسانتر بکات و گەیشتن بە پلەکانی سەرکەوتن خێراتر بکات.
ئێستا بە سوپاسەوە لە خەڵکی ئازیز و ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی ئەوان، دەنگ بە زانای ماندوونەناس و بەئەزموون و پشت ئەستور بە خەڵک، بەڕێز سەید ئیبراهیم ڕەئیسی پەسەند دەکەم و وەک سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەستنیشانیان دەکەم و لە خودای گەورەش سەرکەوتنی ئەوان و هاوڕێکانیان داواکارم و ئەوەش وەبیردێنمەوە کە دەنگی خەڵک و پەسەندکردنی لە لایەن منەوە تا ئەو کاتەیە کە سیاسەتی هەمووان لە درێژەدان بە ڕێگای ڕاستەقینەی ئیسلام و شۆڕش بێت، کە بە یارمەتی خودای گەورەش هەر وا دەبێت. ان شاء اللە.
والسّلام علی عباداللّه الصّالحین
سەید عەلی خامنەیی
12 ی گەلاوێژی 1400 ی کۆچی هەتاوی./.