بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتە بێ بنەماکانی وەزیری دەرەوەی بەریتانیای کە بە هەمان شێوە لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاشەوە دووبارە بووەتەوە، ئیدانە کرد.
دومینیک ڕاب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی یەک شەممە ئێرانی بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە دەریای عۆمان تۆمەتبار کرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بەو لێدوانانە ڕایگەیاند: بەیاننامە هەماهەنگکراوەکانی ئەو وڵاتانە خاڵی دژ بە یەکی زۆری تێدایە، ئەوان سەرەتا بە بێ هیچ بەڵگەیەک کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکەن و پاشان لە ئەگەری ئەوەش قسە دەکەن.
خەتیب زادە ئێرانی بە لایەنگر و پارێزەری هاتووچۆی کەشتییەکان لە کەنداوی فارس و ڕێڕەو ئاوییە نێودەوڵەتییەکان ناو برد و وتی: بوونی هێزی بێگانە و دەستێوەردانی ئەوان لە ناوچەکە تێکدەری ئاسایش و سەقامگیرییە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هیچ درەنگ ناکات و هەر هەڵە و پیلانگێڕییەک دەستبەجێ و بە توندترین شێواز وەڵام دەداتەوە./.