ئەندازیار جەهانبەخش شوکری، خاوەنی کۆمەڵەی پیشەسازی شوکرییە لە پارێزگای کرماشان کە کارگەکانی توانەوەی ئاسنی بێستون، جیهان پۆڵای ڕۆژئاوا، جیهان پیشەسازی کرماشان و چیمەنتۆی پۆڵای جیهان لە خۆ دەگرێت، یەکێک لە ناوە هەر دیارەکانی بواری پیشەسازی ئەم پارێزگایە و کەسێکە کە بە هەزاران هەلی کاری لە پارێزگای کرماشان دابین کردووە. ئەو کە سەرۆکی خانووی پیشەسازی و کانزاکانی پارێزگای کرماشانە، ڕۆڵی گرنگی لە بەرەوپێشچوونی پیشەسازییەکانی ئەم پارێزگایەدا هەبووە.
ئەم چالاکوانە ئابورییەی کرماشان لە وتووێژێکی تایبەتدا لە گەڵ جام کوردی، وەڵامی چەند پرسیارێکی داوەتەوە کە دەقی وتووێژەکەی لە درێژەدا هاتووە:
بە پێی ئەوەی کە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە وەک ساڵی چارەسەرکردنی بەربەستەکانی بەردەم کەرتی وەبەرهێنان و پاڵپشتی لەم کەرتە ناو نراوە، بەڕێزتان وەک چالاکوانێکی کەرتی وەبەرهێنان، گرنگترین بەربەستەکان بە چی دەزانن؟
یەکێک لەو کێشانەی کە ئەمساڵ بەڕۆکی کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنانی ئێرانی گرتووەتەوە ئەوەیە کە بە هۆی وشکەساڵی و دابەزینی سەرچاوەکانی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە ڕێژەی بەکارهێنانی وزەی کارەبا لە لایەن خەڵکەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش وایکردووە کە ڕێژەی ئەو کارەبایە دەدرێتە یەکە پیشەسازییەکان کەم بکرێتەوە. هەروەها نرخی ئەو گاز و کارەبایەش کە دەدرێتە یەکە پیشەسازییەکان لە لایەن حکومەتەوە زیادی کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێمە بە بۆنەی گەمارۆکان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پارەیەکی زیاتر بۆ دابینکردنی مادە سەرەتاییەکانی کارگەکانی خۆمان دەدەین. لەم دۆخەدا بانکەکان پاڵپشتییەکی ئەوتۆ لە کەرتی پیشەسازی ناکەن تا لانیکەم لە ڕێگای قەرزی بانکییەوە بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکرێت. دەتوانم بڵێم کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ناسەقامگیربوونی بازاڕی دراوە بیانییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی سوودی بانکی و هەروەها باجەکانی حکومەت لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم کەرتی پیشەسازین کە پێویستە حکومەت هەنگاو بەرەو چارەسەربوونیان بنێت.
یەکێک لە ڕێگاکانی پاڵپشتی لە کەرتی وەبەرهێنان، دابینکردنی بازاڕی هەناردەیە بۆ کاڵا و بەرهەمە ناوخۆییەکان. بە بۆچوونی ئێوە لەم بوارەدا پێویستە چی بکرێت تا ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ زیاتر بکرێت؟
سەرەتا پێویستە موڵەتی هەناردە بەو وەبەرهێنەر و هەناردەکارانە بدرێت کە دەتوانن کاڵا و بەرهەمی خۆیان بە پێی یاسا هەناردە بکەن. هاوکاری ڕێکخراوی گومرک لەم پێناوەدا بە پێویست دەزانم. هەروەها دەبێت بانگەشە و ڕێکلامی زۆر بۆ کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران لە بازاڕەکانی دەرەوە بە تایبەت لە وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێ بکرێت. لە گەڵ ئەمەش پێویستە نووسینگەی کۆمپانیا و یەکە وەبەرهێنەرەکانی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە بکرێتەوە تا بتوانن بازاڕی پێویست بۆ کاڵاکانی خۆیان دابین بکەن. دەبێت ئەو بەربەستانەش کە لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم کرد چارەسەر بکرێت و هانی هەناردەکاران بدرێت زیاتر گەشە بەم بوارە بدەن.
عێراق یەکێک لە ئامانجەکانی کاڵا و بەرهەمی ئێرانییە. ئەم وڵاتە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران سنورێکی هاوبەشی هەیە، بە تایبەت پارێزگای کرماشان کە خاوەنی چەندین سنوری فەرمی و نافەرمییە لە گەڵ هەر دوو بەشی کوردی و عەرەبی عێراق. گرنگی بازاڕی عێراق و وڵاتانی دراوسێ بۆ کەرتی هەناردەی ئێران بە چی دەزانن؟
بازاڕی عێراق و وڵاتانی دراوسێی دیکە نزیکە و بە ئاسانی بۆ هەناردەکاران لە بەردەستە. کۆمەڵە خاڵێکی هاوبەش لە نێوان ئێران و ئەو وڵاتانە بە تایبەت عێراق هەیە کە دەتوانێت هەلێکی گونجاو بۆ هەناردەکارانی ئێرانی بێت. وەک لە پرسیارەکەشدا هاتووە، بوونی سنورێکی هاوبەش و ئەو خاڵە سنورییە هاوبەشانە خۆی دەرفەتێکی لەبارە و دەبێت بتوانین زیاترین کەڵکی لێ وەربگرین.
پشکی هەناردەی ئێران لە بازاڕی وڵاتانی دراوسێ چۆن زیاتر دەکرێت؟
سەرەتا دەبێت ئێمە لە گەڵ ئەو وڵاتانە خاوەنی پەیوەندییەکی سیاسی زۆر باش بین تا بتوانین بناغەی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانیش دابنێین. ئێران پێویستی بەوە هەیە کە لە وڵاتانی دراوسێ نوێنەرایەتی چالاکی بازرگانی یان هەمان ڕاوێژکارانی بازرگانیی لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکان هەبێت. هەروەها دەتوانین لە ڕێگای پێشانگا تایبەتەکانەوە و بەشداری لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتانەشەوە کاڵا و بەرهەمی خۆمان بە خەڵکی ئەو وڵاتانە و کۆمپانیاکانی ئەوان بناسێنین. ئەمەش پێویست بەوە دەکات هەندێک گیر و گرفتی ئیداری لە بەردەم پەرەپێدانی کەرتی هەناردە نەمێنێت و چارەسەر بکرێت.
هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پەیوەندییەکی کۆن و مێژوویی هەیە و لە ساڵانی ڕابردوو پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی هەر دوو لاش پەرەی سەندووە. وەک چالاکوانێکی بواری پیشەسازی و ئابوریناسێک چۆن لە بازاڕی هەرێمی کوردستان دەڕوانن؟
ئێمە ئامادەبوونی ئێران و کۆمپانیاکانی لە هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی گرنگ و پڕبایەخ دەزانین. ئێرانییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان خاوەن پەیوەندییەکی مێژوویین. ئێمە دراوسێین و سنورێکی هاوبەشمان پێکەوە هەیە، زمانی هاوبەش و کەلتورێکی هاوبەشمان هەیە، تەنانەت ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەش لە نێوان دانیشتووانی هەرێم و پارێزگا کوردنشینەکانی ئێراندا هەیە دەتوانێت پەرەی زیاتر بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوانمان بدات. وێرای ئەوەی کە وەبەرهێنەری ئێرانی حەز و خواستی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەزانێت و باشتر دەتوانێت کاڵا و پێداویستی بەکوالیتی ڕەوانەی ئەو ناوچەیە بکات./.