بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە هۆکاری قووڵتربوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سعوودیە و ئیمارات و کاریگەریی لە سەر داهاتووی ناوچەکە، وتی: پرسی ناکۆکی نێوان وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس هێندە نوێ نییە، لە بەر ئەوەی کە ئەم ناکۆکییانە بە چەندین هۆکاری جوگرافی، مەزهەبی، ئەمنی و تەنانەت ئابوری لە ڕابردوو تا ئێستا هەبووە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە هێرشەکانی سەدام و سەپاندنی شەڕی دژ بە ئێران بووە هۆی ئەوەی تا وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس زیاتر لە ڕابردوو خۆیان وەک بەرەیەکی یەکگرتوو پیشان بدەن و بەم هۆیەوە دەبینین کە ناکۆکییەکان و یەکگرتوویی بە ڕواڵەت تا ئێستا بە یەک ئاراستە درێژەی هەبووە. ناکۆکییەکانی نێوان ئەم وڵاتانەش بە شێوازی جیاجیا لە دەیەکانی ڕابردوو بینراوە، بە دیاریکراوی لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو دەبینین کە ناکۆکییەکان و تەنانەت ڕکابەریی نێوانیان زیاتر بووە. دۆسیەی سوریاش یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم ناکۆکییە بووە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: هەر لە سەرەتاوە بینرا کە کێبڕکێیەکی سەیر لە نێوان ئیمارات و قەتەر سەبارەت بە پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی چالاک لە سوریا ڕوویدا و لە بەرامبەردا، پاڵپشتییەکانی ئێران لە دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد بووە هۆی ئەوەی کە هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی لە سەر دۆسیەی سوریا زیاتر بێت. پاش ماوەیەک توندڕۆییەکانی سعوودیە بووە هۆی ئەوەی کە دۆخەکە دیسانەوە ئاڵۆزتر بێت و دواتریش ناکۆکییەکانی نێوان ڕیاز و دەوحە سەری هەڵدایەوە. لەم شەڕە سیاسییەدا، ئیمارات، میسر و بەحرەین لە گەڵ سعوودیە بوونە بەرەیەکی دژ بە قەتەر. دواتر سعوودیە پەیوەندییەکانی لە گەڵ قەتەر تا ڕادەیەک ئاسایی کردەوە کە ئەمەش هێندە بە دڵی ئیمارات نەبوو. دۆسیەی دیکە کە بووەتە هۆی ناکۆکی زیاتری نێوان سعوودیە و ئیمارات، دۆسیەی یەمەنە. کاتێک پرسی هێرشی سەر یەمەن گەڵاڵە کرا، ناکۆکییەک لە نێوان کاراکتەرەکانی ئەم دۆسیە هاتە پێشەوە بەڵام لە ئاکامدا ئەنجامی ناکۆکییەکان بووە هاوپەیمانی بن سەلمان و بن زاید.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: کەمێک پاش ئەوەش بینرا کە ئیمارات لەم دۆسیە چووە دەرەوە و بەرە بەرە هاتنی ئیسرائیل بۆ یەمەن بینرا کە ئەم هەنگاوەش لە لایەن ئیماراتەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو. لە درێژەی ئەمەش سعوودیە و ئیمارات لە یەمەن چوونە کێبڕکێیەکی ئاشکراوە کە بە یەکێک لە ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان هەر دوو وڵات دادەنرێت. لەم نێوەندەدا بە هۆی نەمانی ترەمپ لە دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاتنی جۆبایدن بۆ کۆشکی سپی، درووشمەکانی ئەمریکا لە بواری مافی مرۆڤ زیاتر بووە و بە چەشنێک دەتوانین بڵێین کە گۆڕانکاری لە دۆخەکەدا کراوە. لێرەدا بن زاید هەوڵ دەدات ئیمارات لە ئەمریکا و ئەورووپا نزیکتر بکاتەوە کە ئەڵبەت ڕۆڵی بەریتانیا زیاترە. لە لایەکی دیکەوە ئیمارات پێی وایە کە لەم چوارچێوەدا دەتوانێت پاڵپشتی ئیسرائیلی لە گەڵ بێت و دەکرێت زیاتر ڕوبەڕوی سعوودیە ببێتەوە.
سەدرحوسێنی لە کۆتاییدا وتی: یەکێک لەو بابەتانەی کە بە لای سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە گرنگە، ئەوەیە کە نایەوێت هێزەکانی لە ناوچەکەدا لانیکەم بەم شێوازی ئێستا بهێڵیتەوە و بەم هۆیەوە دۆخەکە لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە تووشی گۆڕانکاری بووە. بە بۆچوونی من پرسی نەوت و وزە بە گشتی لە ناوچەکە و هەروەها فرۆشتنی بە پێی دۆخی ئێستای ئابوریی جیهانی، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی ناکۆکی نێوان ڕیاز و ئەبوزەبییە، لە بەر ئەوەی کە هەر لایەنێک هەوڵی مسۆگەرکردنی زیاتری بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات و لە ڕوانگەیەکی دیکەوە پێم وایە کە پلانداڕێژەرانی دەرەکی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵ دەدەن دۆخە وا ببەنە پێشەوە کە کەمترین ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی هەبێت. ئەڵبەت ئەم دۆخە چەندان سەقامگیر نابێت، لە بەر ئەوەی کە یەکێکی دیکە لە شەڕە نهێنییەکانی نێوان سعوودیە و ئیمارات، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لە گەڵ ئیسرائیل و هەروەها پاشگەزبوونەوەی جێنشینی سعوودیە لەو بەرنامەیە. دەتوانین بڵێین کە ململانێی نێوان وڵاتانی عەرەبی و هەروەها لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ./.