بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمزدا هاتووە کە سەرەڕای بەڵێنی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی، بەڵام هیوایەکی ئەوتۆ بە زیندووکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنە نەماوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرپرسانی حکومەتەکەی بایدن بە تێپەڕبوونی کات و لە گەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێی ئێران سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی، ڕەشبینن و نیگەرانن لەوەی کە حکومەتی نوێی ئێران بە سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی داواکاری نوێی لە ئەمریکا هەبێت.
گەڕی حەوتەمی دانوستانەکانی ناوەکی لە ڤیەننا هێشتا بەڕێوە نەچووە و لایەنەکان یەکتر بە دواخستنی ئەو دانوستانانە تۆمەتبار دەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا پشتی لە بەڵێنەکانی خۆی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران کردووە و ئەمەش یەکێک لە بەربەستە گرنگەکانی دانوستانەکانە./.