یەعقووب گویلیان وتیشی: ئەم ڕووداوە جیهانییە نەک بەتەنیا دەبێتە هۆی ناساندنی هەورامان لە هەموو ڕوویەکەوە بەڵکوو ڕێگاش بۆ تۆمارکردنی جیهانی ئاسەوارە بێ وێنەکانی دیکەی پارێزگاکە خۆش دەکات. هیوادارم بتوانین بە هەوڵ و تێکۆشانی ماندوونەناسانە و هاودڵی و هاوکاری ناوچەکە، هەورامان بەو شێوەیەی کە شایستەیەتی بە هەموو جیهان بناسێنین و بە ئاراستەی پاراستن و پارێزگاری لەم گەنجێنە مەزن و هەروەها ئاوەدانی ناوچەکە، هەنگاوی باشتر هەڵبگرین.
بەڕێوەبەری گشتی میراتی کەلتووری، گەشتیاری و پیشە دەسییەکانی کوردستان، تۆمارکردنی جیهانی هەورامانی بە ڕووداوێکی هەرە مەزن زانی و وتی: دابینکردنی نەخشەی تەلارسازی، نەخشەی شوێنەوارناسی، تۆمارکردنی ۲۱ گووند لە لیستی شوێنەوارە نەتەوەییەکان و… چەندین نموونەن لەو هەوڵە جیددییانەی کە بەڕێوەبەر و دەستەی بنکەی ڕوانگەی کلتووری هەورامان ئەنجامیاندا، تاکوو ئەمڕۆ هەورامان بەجیهانی کرا.
گویلیان ئاماژەی بەوە کرد: تەلارسازی نەریتی، سرووشتی دەست لێنەدراو، کلتووری دەوڵەمەند، کار، پیشە دەستییەکان، شوێنەوار و پێکهاتەی گووندەکانی هەورامان بووە هۆی ئەوەی کە تۆمارکردنی جیهانی هەورامان بگاتە ئەنجام و وەک شوێنێکی گەشتیاری زۆر باش لە جیهان سەیری بکرێت.
ناوبراو جەختیشی کردەوە: گووند و شارەکانی هەورامان یەکێکە لە گرنگترینی ئەو ناوچانەی کە هێشتا ڕەسەنایەتی هەزاران ساڵەی خۆی پاراستووە و لە دەیەکانی پێشترەوە تاکوو ئێستا بەردەوام یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە و وڵات و هەروەها جێگای سەرنجی تامەزرۆیانی کلتوور و مێژوو و تەلارسازی بووە.
بەڕێوەبەری گشتی میراتی کلتووری و گەشتیاری و پیشە دەسییەکانی پارێزگای کوردستان، لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە: بە تۆمارکردنی جیهانی ناوچەی هەورامان دەلاقەیەکی نوێ بەڕووی خەڵکی تێگەیشتوو و ماندوونەناسی ئەم ناوچەیە دەکرێتەوە کە هیوادارین بە هەوڵی بەرپرسانی وڵات و پارێزگاکە گەشە و پاراستنی ئەم ناوچەیە ببێتە کاری لەپێشینە تاکوو ئەم گەنجێنەی بێ کۆتاییە بۆ نەوەکانی داهاتووش پارێزراو بێت.