بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەینی ڕابردوو کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە سەر بە کۆمپانیایەکی ڕژێمی زایۆنیستییە بە ناوی زودیاک، لە دەریای عۆمان کرایە ئامانج و چەندین سەرچاوەی عەرەبی و ڕۆژئاوا ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستی لە پشتەوەی ئەو هێرشە هەبووە. لەو هێرشەدا دوو کەسی دانیشتووی بەریتانیا و ڕۆمانیا کوژران. وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە پاش ئەو هێرشە لە گەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەو ڕژێمە کۆبووە. بەرپرسێکی باڵای ڕژێمی زایۆنیستیش ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب وەڵامی هێرشەکە دەداتەوە بەڵام کەی و چۆن وەڵام دەداتەوە، هێشتا ڕوون نییە.
وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی ئێرانی بەو هێرشە تۆمەتبار کردووە و ڕایگەیاندووە کە دەبێت وەڵامی هێرشەکە بدرێتەوە. ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە کەشتییەکەی سەر بە کۆمپانیاکەی ڕژێمی زایۆنیستی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و ئێران ڕەنگە دەستی لەو هێرشەدا هەبووبێت.
عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکاری باڵای کاروباری جیهانی عەرەب لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ڕۆژنامەی نێودەوڵەتی رای الیوم بڵاو بووەتەوە، ئەم بابەتەی شرۆڤە کردووە و ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی هەینی بەرپرسێکی باڵای ڕژێمی زایۆنیستی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ئەو ڕژێمە ئێرانی بە هێرشی سەر کەشتییەکەی دەریای عۆمان تۆمەتبار کرد. ئەمەش دووەم هێرشە لە سەرەتای مانگی تەمموز و سێهەم هێرشی سەر کەشتییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە.
هێرشێکی جیاواز بۆ سەر کەشتییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی
هێرشی سەر کەشتی و نەوتهەڵگرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەی دەریای عۆمان بابەتێکی نوێ نییە و بووەتە هەواڵێکی ئاسایی، بەڵام هێرشەکەی ئەمجارە بە چەند هۆکارێک جیاوازیی لە گەڵ هێرشەکانی ڕابردوو هەیە:
یەکەم:
ئەوەی کە هێرشەکە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراوە و ئەمەش پێشکەوتنێکی کەم وێنەیە.
دووەم:
هێرشەکە بە پێچەوانەی هێرشەکانی ڕابردوو قوربانیی لێکەوتووەتەوە.
سێهەم:
هێرشەکە هاوکاتە لە گەڵ هەڵپەساردنی دانوستانەکانی تایبەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی و هەروەها نزیکبوونەوە لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران.
چوارەم:
شەڕی نەوتهەڵگرەکان لە نێوان ئێران و ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی پێی ناوەتە جوگرافییەکی بەربڵاوتر و ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت ئەم شەڕە لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتووش زیاتر ببێت.
عەتوان لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە خاڵی شاراوەی ئەم هێرشە ئەوەیە کە درۆنەکە لە کوێوە هاتووە و نەوتهەڵگرەکەی کردووەتە ئامانج. ئایا لە یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی ئێران لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کەنداوی فارس یان لە ناوچەکانی نزیک یەمەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە ئێستادا دژوارە، لە بەر ئەوەی کە زانیارییەکی پشتڕاستکراو لە بەردەستدا نییە و هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتیی لە ئەستۆ نەگرتووە. سەرەڕای ئەمەش، دەبێت بزانین کە ئاستی کاردانەوەکانی ئێران و سوریا لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی، چ لە دەریای ئازاد و چ لە خاکی سوریا، گرنگتر و کاریگەرتر بووە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریا بە سەرکەوتوویی وەڵامی هێرشەکانی تەل ئەبیب دەداتەوە. سوپای سوریا لە دوایین نموونەدا سەرکەوتووانە چوار مووشەکی تێکشکاند کە لە لایەن فڕۆکە شەڕەکەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە هەرێمی ئاسمانی لوبنانەوە ئاراستەی ئەم وڵاتە کرابوون، هەروەها هێرشی ناوچەی قەسیری لە نزیک حۆمس تێکشکاند.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی رای الیوم، گۆڤاری The Military Watch چاپی بەریتانیا کە بە شێوازی تایبەت لە بواری سەربازی بڵاو دەکرێتەوە، لە ماوەی ڕابردوو لە شرۆڤە و لێکدانەوەی ئەو هێرشەدا ڕایگەیاند کە فەرماندەیی سوپای ڕووسیا هەشت پاتری پێشکەوتووی مووشەکی Buk M2 ی بە سوپای سوریا داوە تا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بەکاری بێنێت.
عەبدولباری عەتوان لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە هێرشی درۆنەکان ڕایگەیاندووە کە جیدیبوونی هێرشی سەر کەشتی و نەوتهەڵگرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دەریای عۆمان و ئۆقیانوسی هیند، ئەو ڕاستییەمان پیشان دەدات کە هێڵی کەشتیوانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەو کەشتییانەی کە بە کاری دێنێت، لە نزیک کەناراوەکانی عۆمان، کەناراوەکانی دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب پارێزراو نین و کەشتی و نەوتهەڵگرەکانی ئەو ڕژێمە لە بەردەم هەڕەشەی درۆنەکان و مووشەکەکانی ئێران و بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن و هاوپەیمانەکانیدان.
مەترسی درۆنەکان لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران دوو چەکی پێشکەوتووی بەرهەمهێناوە کە دەتوانێت کاریگەری لە سەر هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دابنێت. یەکەم: مووشەک کە لە چەندین جۆر و بە تایبەتمەندی جۆربەجۆر لە ئێراندا هەیە. دووەم: درۆنەکان کە لە ناوەندە سەربازییەکان وەک بەهێزترین چەک ناوی لێ دەبرێت. شەڕی نەوتهەڵگرەکان سەر لە نوێ زیادیکردووە و بەرفراوانتر دەبێت. رۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە لەم ماوەیەدا فڕۆکە و مووشەکەکانی ئیسرائیل لە چەند هەفتەی ڕابردوو هێرشیان کردووەتە سەر چەندین کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی کە ویستی گەیاندنی نەوتیان بۆ بەندەری تەڕتوسی سوریا هەبووە.
سەرنووسەری رای الیوم ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن زیاتر لە نیو ملیۆن مووشەکی بەهێزی ئێرانییەوە گەمارۆ دراوە. ئێران و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن، لوبنان و عێراق بە سەر ئاوەکانی دەریای سوور، دەریای ڕەش و کەنداوی فارسدا زاڵن و گرووپەکانی سەر بەم وڵاتەش لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە. ئەوەی کە کەشتییەکەی ڕژێمی زایۆنیستیی لە دەریای عۆمان کردووەتە ئامانج، دەتوانێت کەشتییەکانی دیکەش لە ئاوە ئازادەکانی دیکە بکاتە ئامانج. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە کەشتییەکی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرامبەر بەیروت لە شەڕی تەمموزی ساڵی 2006 بە مووشەکی حیزبووڵا لە ناو برا، ئەمەش دەتوانێت باشترین بەڵگە لە سەر ئەمە بێت، بە دڵنیاییەوە ئەگەر شەڕی نەوتهەڵگرەکان زیاتر بێت ئیسرائیل ناتوانێت براوەی ئەو شەڕە بێت.
لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی بیانەوێت پەرە بەم شەڕە بدەن، تووشی گەورەترین هەڵە دەبن، لە بەر ئەوەی کە چەشنێک شەڕەنگێزی دەبێت کە ڕەنگە لە بەرژەوەندی زایۆنیستەکان و تەنانەت ئەمریکاش نەبێت، واشنتن دەیەوێت ئەوان تووشی شەڕێکی وەها بکات بەڵام خۆی لە شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق شکستی هێناوە و ڕێگای دەربازبوونی بۆ نەماوەتەوە./.