بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەکارهێنانی ماسک (دەمامک) و شۆردنی دەستەکان بۆ زۆربەی خەڵک بووەتە ئەزموونێکی گرنگ، بەشێک لە خەڵک دەڵێن کە بەم بۆنەوە کەمتر لە ساڵانی ڕابردوو تووشی نەخۆشییەکان بوون و جەستەیان تەندرووست بووە. بەڵام لە بەشێک لەو وڵاتانەی کە شەپۆلی کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ کراوە و زۆربەی خەڵک لە دژی ئەو ڤایرۆسە کوتراون، ڕێژەی توشبوون بە هەڵامەت ڕووی لە زیادبوون کردووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە خەڵک ئەو کارانەیان لەبیر کردووە کە بەردەوام لە سەردەمی کۆرۆنا جێبەجێیان کردووە. ئەمەش هۆشداریمان پێ دەدات کە دەبێت لە شۆردنی دەستەکان پاش کۆرۆناش بەردەوام بین.
دەستەکانی ئێمە ڕۆژانە بە سەدان جۆر ئالوودە دەبن و میکرۆبی زۆریان لێ دەنیشێت، مەترسییەکەش لەوەدایە کە دەستمان بەردەوام دەدەینە دەموچاو و ئەو میکرۆبانەش دەچنە پارچەکانی دیکەی جەستەمانەوە.
ساڵی ڕابردوو بۆ ڕێگری لە توشبوون بە کۆرۆنا جەخت لە سەر شۆردنی بەردەوامی دەستەکان دەکرایەوە. لە ڕاپرسییەکی ئۆنلاین کە لە 1000 کەسی بەتەمەنی ئەمریکی لە ساڵی 2012 پیشان دەدات کە لە سەدا 71 ی ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە، ڕایانگەیاندووە کە بەردەوام ئەو کارەیان کردووە، هەرچەندە کە ڕەنگە بە واتای یەک جار لە ڕۆژدا بێت. لە سەدا 58 ی کەسانی ئەم توێژینەوەش ئەوەیان بینیوە کە کەسانێک بوون کە بە بێ شۆردنی دەست لە تەوالیت هاتوونەتە دەرەوە. زیاتر لە نیوەی ئەوان ڕایانگەیاندووە کە لە پاش بەکارهێنانی کەرتی گواستنەوەی گشتی یان بەکارهێنانی کارەبا دەستیان نەشۆردووە و لە سەدا 39 ی ئەوانیش تەنانەت ڕایانگەیاند کە لە پاش کۆکە و پژمینی سەر دەست، دەستەکانیان نەشۆردووە. توێژینەوەیەکی دیکەش پیشان دەدات کە تا پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندرووستییەکان لە نێو پەرەستارەکان لە وڵاتانی جیاجیا تەنیا لە سەدا 40 بووە.
گرنگی شۆردنی دەستەکان لە تەندرووستی جەستەدا زۆرە. بۆ نموونە، یەک گرام پیسایی مرۆڤ یەک ترلیۆن میکرۆبی هەیە، هەر بۆیە لە پاش تەوالیت دەبێت دەستەکان بشۆردرێن. توێژینەوەیەک پیشان دەدات کە شۆردنی دەستەکان لە سەدا 40 ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیی سکچوون کەم دەکاتەوە. شۆردنی دەستەکان لە پێش نان خواردن بە پێویست دادەنرێت.
شۆردنی دەستەکان هەستێکی ئارام بە مرۆڤ دەبەخشێت و دەبێت ئەوە بزانین کە پاراستنی تەندرووستی جەستە بە گشتی بەندە بە شۆردنی دەستەکانەوە. باشترە بڵێین کە شۆردنی دەستەکان بە بنەمای سەرەکی تەندرووستی گشتی دادەنرێت، لە بەر ئەوەی کە هیچ ئەندامێکی جەستە هێندەی دەستەکان ناتوانێت میکرۆبەکان بگوازێتەوە، هەر بۆیە پاراستنی پاک و خاوێنیی دەتوانێت هەنگاوی یەکەم بۆ پاراستنی تەندرووستی لە بەرامبەر ڤایرۆس و بەکتریاکان بێت./.