بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلیڕەزا ڕەئیسی وتی کە بە دڵنیاییەوە 59 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران تا کۆتایی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی بە ڤاکسێنی ناوخۆیی و بیانی لە دژی کۆرۆنا دەکوترێن.
ناوبراو بە ئاماژە بە زیانەکانی بەکارنەهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا وتی: لە ئێستادا لە سەدا 90 ی ئەوانەی بە هۆی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەکانی ئێرانن، ئەوانەی تەمەن 70 ساڵەن کە بەکارهێنانی ڤاکسێنیان ڕەتکردووەتەوە.
ڕەئیسی وتی: بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە گەڵ ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندرووستییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم نەخۆشییە زۆر گرنگە.
وتیشی کە کوتانی کەسانی تەمەن 60 ساڵە بە ڤاکسێنی کۆرۆنا لە رۆژانی داهاتوو لە ئێران بە کۆتایی دەگات و لە هەندێک پارێزگاش کوتانی کەسانی تەمەن 50 ساڵە دەستیپێکردووە.
وتەبێژی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران هەروەها وتی: لە ڕۆژانی داهاتووش مامۆستایان، پەیامنێران، زیندانییەکان و شۆڤێرەکانی تەکسی و چالاکانی کەرتی گواستنەوەی گشتی، ڤاکسێنی کۆرۆنا وەردەگرن کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 4 ملیۆن کەس و بە هەژمارکردنی ئەو 15 ملیۆن و 700 هەزار کەسەی تەمەن سەروی 50 ساڵە، لە ڕیزی ئەو گرووپانەدان کە مەترسی زیاتری پەتای کۆرۆنایان لە سەرە و زیاترین ژمارەی مردن بە کۆرۆناش لە نێو ئەم گرووپانەدا بووە.
عەلیڕەزا ڕەئیسی لە درێژەدا وتی: بە دڵنیاییەوە تا کۆتایی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی 59 ملیۆن کەس بە ڤاکسێنی ناوخۆیی و بیانی لە دژی کۆرۆنا دەکوترێن، بەڵام ئەگەر وڵاتێک لە سەدا سەدی دانیشتووانەکەشی ڤاکسێن وەربگرن، هەم دیسان دەبێت ماسک بەکار بێنن و کاتێک دەتوانین واز لە ماسک بێنین کە ئەم نەخۆشییە لە سەر ئاستی جیهان کۆنتڕۆڵ بکرێت.
جێگری وەزیری تەندرووستی ئێران وتی: دەبێت ژمارەیەکی زۆر بەرچاو لە خەڵکی وڵاتانی جیهان ڤاکسێنی کۆرۆنا بەکار بێنن تا بە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە هیوادار بین. ئەو وڵاتانەی کە ڕێژەیەکی زۆر لە ڤاکسێنیان بەکار هێناوە بەداخەوە کە ڕوویان هێناوەتە لەبەرچاونەگرتنی ڕێنماییە تەندرووستییەکانی وەک فڕێدانی ماسک و سەر لە نوێ بۆ هەمان دۆخی ڕابردوو گەڕاونەتەوە. تا کاتێک لە وڵاتانی دیکەش دۆخەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت ئەگەری ئەوە هەیە کە نەخۆشییەکە دیسانەوە لە وڵاتانەش کە زۆربەی خەڵک ڤاکسێنیان بەکار هێناوە، بڵاو ببێتەوە، لە بەر ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام گۆڕانکاریی پێوە بینراوە و کێشەی نوێ دەخوڵقێنێت.
وتیشی کە لە پاش بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا دیسانەوە مەترسی توشبوون بەم پەتایە لە ئارادایە بەڵام ئەو کەسانە کەمتر دەبرێنە نەخۆشخانەکان و مردنیش لە ناو ئەواندا کەمترە.
ڕەئیسی ڕایگەیاند: تا کۆتایی ساڵی 2021 کۆی گشتی ڤاکسێنی بەرهەمهێنراوی جیهان دەگاتە 8 ملیار و 600 ملیۆن ژەم کە بە پێی پێویستیی وڵاتان نییە. وا نییە کە بڵێین ڤاکسێن زۆرە و لە سەرجەم وڵاتان هەیە. لە ساڵی 2022 بڕیارە 3 تا 4 هێندەی ڕێژەی دانیشتووانی جیهان ڤاکسێنی دژە کۆرۆنا بەرهەم بێت و بەمەش دەتوانین چاوەڕوان بین کە ئەگەر پلانێکی تایبەت هەبێت و ڕێکارە تەندرووستییەکان جێبەجێ بکرێت، دەتوانین ماسک لا ببەین و قەدەغەکان هەڵبگرین.
ناوبراو پێشبینی ئەوەشیکرد کە تا چەند مانگی داهاتوو بە هۆی کوتانی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە مەترسی توشبوونیان زیاتر لە سەرە، ڕێژەی مردن بە کۆرۆنا لە ئێران بە شێوازی بەرچاو دادەبەزێت./.