بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤلادیمیر پوتین ڕۆژی چوارشەممە لە وتارێکدا بەرامبەر بە بەشداربووان لە دوانزەیەمین کۆنفرانسی ئابوریی نێودەوڵەتی ڕووسیا – جیهانی ئیسلام لە شاری کازان، وتی: ڕووسیا بۆ زاڵبوون بە سەر قەیرانە ناوچەییەکان و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی، پاڵپشتی لە وڵاتانی ئیسلامی دەکات.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی موسڵمان بەردەوام داهێنەرانە و دۆستانە بووە، ئێمە لە پێناو بەرزکردنەوەی وتووێژی نێوان ئائینەکان و شارستانیەتەکان، دڵنیایی لە سەقامگیری و ئاسایشی نێودەوڵەتی و دابینکردنی سیستەمێکی دادپەروەرانەی جیهانی و دیمۆکراتیک، چالاکانە هاوکاری دەکەین.
پوتین وتی: دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە هاوبەشەکانی ئێمە دەتوانن دڵنیایی تەواویان هەبێت کە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە گەڵ ئەوان دەبین.
کۆنفرانسی ئابوری نێودەوڵەتی ڕووسیا و جیهانی ئیسلام ماوەی دوانزە ساڵە کە بەڕێوە دەچێت بەڵام ساڵی ڕابردوو بە هۆی کۆرۆناوە هەڵوەشایەوە. ئەم کۆنفرانسە یەکەم جار ساڵی 2009 بە بەشداری 250 کەس بەڕێوەچوو، ساڵی 2019 لەو کۆنفرانسەدا 3500 کەس بەشدارییان کرد. ئامانجی کۆنفرانسەکەش ئاسانکاری هاوکاری و وتووێژە لە بوارەکانی ئابوری، سیاسی و ڕۆشنبیری لە نێوان ڕووسیا و ئەندامانی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی./.