بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق لە گەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی ئابوری ئێران و سوریا کۆبووە.
ناوبراو لەو کۆبوونەوەدا کە بە ئامادەبوونی محەممەد سامن خەلیل وەزیری ئابوری و بازرگانی دەرەکی سوریا بەڕێوەچوو، جەختیکردەوە کە ئەمرۆ چالاکوانانی ئابوری و بازرگانی بوونەتە تێکۆشەرانی گۆڕەپانی شەڕی ئابوری و بارزگانی و دەبێت هەموومان وەک تێکۆشەرانی بەرەکانی شەڕی سەربازی و ئەمنی، لەم بوارەشدا هاوکاری هاوبەشمان هەبێت.
قاڵیباف وتی: سەردانەکەم بۆ سوریا بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی تاران و دیمەشق لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی و کشتووکاڵی بووە و یەکەم کۆبوونەوەشم بەم بۆنەوە لە گەڵ چالاکوانانی ئەم بوارانە بووە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی: دەبێت بە چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکان لە بوارە جیاجیاکان بتوانین پەیوەندییەکی بەهێزی ئابوری و بازرگانی لە نێوان کەرتی تایبەتی ئێران و سوریا دابین بکەین.
محەممەد باقر قاڵیباف ڕایگەیاند کە ئەمرۆ شەڕێکی ئابوری لە ڕێگای گەمارۆ و سزاکانەوە لە دژی وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری دەبینرێت و پێویستە چالاکوانانی ئابوری و بازرگانی هەوڵی ئەوە بدەن لەم شەڕەشدا وەک بواری ئەمنی و سەربازی سەرکەوتن بە دەست بێنین./.