بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کۆبوونەوەی محەممەد باقر قاڵیباف لە گەڵ بەشار ئەسەد پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەروەها هاوکاری نێوان تاران و دیمەشق لە سەرجەم بوارەکاندا تاوتوێ کرا.
ئاژانسی فەرمی سوریا لە سەر ئەو کۆبوونەوە ڕایگەیاند کە بەشار ئەسەد جەختی لە سەر ڕۆڵی گرنگی پەرلەمانەکانی سوریا و ئێران لە کردنەوەی دەرگای نوێ بە ڕووی هاوکارییە دووقۆڵییەکان بە تایبەت لە بواری ئابوریدا کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هاوکاری ئابوری لە نێوان کەرتی حکومی و تایبەتی سوریا لە گەڵ ئێران دەتوانێت لە شەڕی ئابوری و پووچەڵکردنەوەی پیلانی گەمارۆکانی دوژمن، یارمەتیدەری گەلانی هەر دوو لا بێت.
بەشار ئەسەد ئێرانی بە هاوبەشی سەرەکی وڵاتەکەی ناو برد و وتی کە تاران لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە سەرجەم بوارەکان لە گەڵ گەلی سوریا و یارمەتیدەری ئەوان بووە.
سەرۆک کۆماری سوریا هەروەها جەختیکردەوە کە هەماهەنگی نێوان هەر دوو وڵات لە شەڕی دژ بە تیرۆر ئەنجامی زۆر باشی هەبووە و ئەم هاوکارییەش تا ئازادکردنی تەواوی خاکی سوریا و دەرکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە سوریا و ئێران و بەشداری خەڵکی هەر دوو وڵات لە هەڵبژاردنەکان، شکستی سیاسەتی گەمارۆ و گوشارەکانی لە دژی سوریا و ئێران سەلماند کە کەس ناتوانێت لە بەرامبەر ئیرادەی خەڵک ڕابوەستێت./.