6 ڕۆژ پاش قبووڵکردنی بڕیاری ژمارە 598 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هێزەکانی عێراق ئەو ڕێکەوتنەیان پێشێل کرد و لە باشور و نزیک خوڕەمشارەوە هێرشیان کرد، ئەمەش وایکرد کە ڕێگای گەیشتنی هێزە تیرۆریستییەکانی موجاهدینی خەلق ئاسان بکرێت و ویستی پێشڕەوییان هەبێت، بەو هێرشانە بەشێکی زۆری هێزەکانی ئێران برانە سنورەکانی باشور و ئەمەش وایکرد کە موجاهدینی خەلق پرۆسەیەکی سەربازی لە سنورەکانی ڕۆژئاوای ئێران بە ناوی فروغی جاویدان دەست پێبکات.
لە بەرامبەردا پرۆسە سەربازییەکانی ئێران بە ناوی مێرساد لە گەلاوێژی ساڵی 1367 ی کۆچی هەتاوی بە مەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی جموجوڵ و هێرشی تیرۆریستانی موجاهدینی خەلق و گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان، لە لایەن سوپا، بەسیج و ئەرتەش و بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی دەستیپێکرد، شەڕەکەش لە نزیک شاری ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا لە پارێزگای کرماشان بوو. لەو هێرشانەدا کە بە فەرماندەیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی ئەرتەش ئەنجام درا لە سێ قۆڵەوە لە چوارزەوەر، ڕێگای قەڵاجە و ڕێگای ئیسلام ئاوا – پێڵدوختەر هێرش کرایە سەر تیرۆریستان و زەبرێکی کوشندەیان بەرکەوت.
لەو کاتەدا فەرماندەیی هێزەکانی ئێران لە ئەستۆی شەهیدی گەورە عەلی سەیاد شیرازی بوو و تیرۆریستانیش لە لایەن مەسعود ڕەجەوی فەرماندەیی دەکران. شکستەکەی مێرساد هێندە گەورە بوو کە دواتر تیرۆریستانی موجاهدینی خەلق ئەو فەرماندە گەورە و تێکۆشەرەی ئێرانیان لە شاری تاران و لە تۆڵەی ئەو هەموو زیانە گەورەیە لە ساڵی 1378 ی کۆچی هەتاوی تیرۆر کرد.
هاوکات لە گەڵ هێرشەکانی موجاهدینی خەلق، سوپای عێراقیش لە ڕۆژی 31 ی پووشپەڕی ساڵی 1367 ی کۆچی هەتاوی چەندین گوندی پارێزگای کرماشانی وەک زەردە، نەساردەیرە، نەساردەیری خواروو، شامار دەیرە و … ی بە گازی خەردەڵ بۆردومان کرد.
بەڵام مێرساد بووە دوا وێستگەی پیلانگێڕی ئەو تیرۆریستانەی کە وەک ئامرازی دەستی سەدام و وڵاتانی ڕۆژئاوا دوژمنایەتی گەلی ئێرانیان دەکرد، ئەوان هاتبوون کە بە خێرایی بگەنە تاران بەڵام لەوێدا کەوتنە زبڵدانی مێژوو و لەو ڕۆژەشەوە 5 ی گەلاوێژی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی مێرساد بەرز ڕادەگرێت.
پرۆسە سەربازییەکانی مێرساد یەکێک لە سەرکەوتووترین پرۆسە سەربازییەکانی هەشت ساڵی شەڕی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران بووە کە بۆ هەمیشە لە مێژووی پڕ لە سەروەری ئێرانییەکاندا دەمێنێتەوە. بڕیارە ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی نیشتمانیی کرماشان لە ڕۆژژمێری فەرمی ئێراندا تۆمار بکرێت./.