بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەسغەر مونسان لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی تۆمارکردنی ناوچەی هەورامان لە سەر ئاستی جیهانی، ڕایگەیاند: هەورامان وەک بیست و شەشەمین ئاسەواری مێژوویی، کەلتوری و سرووشتی ئێران لە ڕیزی میراتی جیهانی یۆنسکۆ تۆمار کراوە و ئەمەش مزگێنی گەورە بۆ خەڵکی ئێران بە تایبەت دانیشتووانی هەر دوو پارێزگای کرماشان و کوردستانە.
ناوبراو وتی: ئێمە وەک چۆن پێشتر بەڵێنمان بە خەڵکی بەشەرەفی ئەم دوو پارێزگایە دابوو، لە وەزارەتی گەشتیاری سەرجەم هەوڵەکانمان خستەگەڕ تا بە تۆمارکردنی هەورامان لە سەر ئاستی جیهان، لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکە لە خەزێنەی ئێرانی ئیسلامی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بە دانیشتووانی جیهان بناسێنین.
مونسان وتی: ئەم سەرکەوتنە کەلتورییە، ئەنجامی ساڵانێک بەداداچوون، هەوڵ و تێکۆشانی توێژینەوەیی، هاوکاری نیشتمانی و پەیوەندی کاریگەری نێودەوڵەتی بووە و بێگومان نەک تەنیا پێگەی کەلەپوری فەرهەنگی ئێران بەرز دەکاتەوە، بەڵکوو ڕێگای گەشتیاری ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێرانیش دەکاتەوە و بە گشتی، ئاسۆی بەردەم کەرتی گەشتیاری ئێران ڕوونتر دەکاتەوە.
وەزیری گەشتیاری ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە وەزارەتەکەی لە ساڵانی ڕابردوو بە پشت بەستن بە تایبەتمەندییەکانی ناوچەی هەورامان و کاریگەری بەرچاوی تۆمارکردنی لە سەر ئاستی جیهانی، ئەم دۆسیەی خستە ڕیزی یەکەمی کار و چالاکییەکانی و بەم بۆنەشەوە نوێنەری ڕێکخراوی یۆنسکۆ لە ساڵی ڕابردوو سەردانی ناوچەکەی کرد و لە نزیکەوە لە گەڵ داب و نەریت، مێژووی کۆن، کەلتور و لە هەمووش گرنگتر تایبەتمەندییەکانی هەورامان ئاشنا بوو و لە ئاکامدا هەوڵی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان وایکرد کە دۆسیەکە لە کۆبوونەوەی چل و چوارەمی لێژنەی میراتی جیهانی یۆنسکۆ ڕەزامەندی لە سەر بدرێت و تۆمار بکرێت./.