بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەرێمی کوردستان کە دەیان ساڵە بە شێوازی نیمچە سەربەخۆ ئیدارە دەدرێت، ڕایگەیاندووە کە دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عێراق و سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی سیناریۆ و کارەساتەکانی ڕابردوو لە عێراق هۆشداریی داوە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە عێراق هێشتا ئاڵۆز و ناسەقامگیرە و هێزێکی چەکداری ئەوتۆی نییە کە بتوانێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو بکات کە زیانی مادی و گیانی قورسی بە دواوە بووە.
بە بۆچوونی چاودێران، هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق ناکشێنەوە و بە ناونیشانی دیکەی وەک مەشق و ڕاهێنان یان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکە سەربازییەکاندا دەمێننەوە.
نیگەرانی ئەمنی
قەیس نوری مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا و باڵیۆزی پێشووی عێراق بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕاگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان پێی وایە کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بەرامبەر ئەگەری هەڕەشە ئەمنییەکان پارێزراوی دەکات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووەتە نیگەرانییەکی ئەمنی بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت بارزانییەکان.
قەیس نوری ئاشکرای کردووە کە ئەوەی لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری ئەمریکا گوزەراوە، ڕەنگە ڕێکەوتنێکی هاوبەش بۆ داڕشتنەوەی ئەرک و ڕاسپاردەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بێت نەک کشانەوەی تەواوی ئەوان لەم وڵاتە.
سیستەمی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە
نوری لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە چەندین بنکەی سەربازی ئاسمانی گرنگ لە ڕۆژئاوا و باکوری عێراق جێگیر کراون و ئەم بنکانەش بوونەتە بەشێک لە سیستەمی سەربازی و ئەمنی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە.
ناوبراو وتی کە ڕەنگە هەر دوو لا ئەو ڕێکەوتنەیان کردبێت کە بنکە سەربازییەکان وەک ئەڵمانیا، ژاپۆن و فیلیپین بە کرێ بە ئەمریکییەکان بدرێت.
ئەم مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدا ئەگەری ئەوەشی خستەڕوو کە بەغدا و واشنتن ڕێکەوتنی ئەوەیان کردبێت تا هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، لە بەر ئەوەی کە هەرێم بڕیاری سیاسی خۆی هەیە و دەتوانێت بە پێی یاساکانی خۆی ئەو بڕیارە دەربکات و لە ئەگەری وەهاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق مانایەکی ئەوتۆی نابێت.
لە لایەکی دیکەوە کیفاح مەحمود ڕاوێژکاری سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لە پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناکۆکییەک نییە، بە شێوازێک کە هەر دوو لا باس لە سەر پێویستی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژ دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان پێی وایە کە عێراق و هەرێم هێشتا پێویستیان بە هێزی پاڵپشت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هەیە.
ناوبراو بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕاگەیاند کە هەرێمی کوردستان هێشتا ڕووداوەکانی پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ساڵی 2011 لەبیر ماوەتەوە کە تیرۆر لە عێراقدا پەرەی سەند و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان لە بەرامبەر داعش هەرەسیان هێنا.
نیگەرانی لە گەڕانەوەی داعش
کیفاح مەحمود ڕایگەیاندووە کە نیگەرانی لە گەڕانەوەی داعش هەیە و لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی هەیە دەستی کردووەتەوە بە جوڵە و چالاکی و ڕێکخستنەوەی ئەندامەکانی خۆی، بە تایبەت لە ناوچەکانی وەک دیالە، کەرکوک، نەینەوا، باکوری تکریت و ناوچەکانی نزیک لە بەغدا چالاکییەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لە گەڵ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆبووە و هەر دوو لا لە سەر کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا 31 ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021 گەیشتنە ڕێکەوتن.
بە پێی ئەو ڕێکەوتنەش، تەنیا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا عێراق بە جێ دێڵن و بوونی هێزی ڕاوێژکار و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم وڵاتە وەک ڕابردوو دەمێنێتەوە./.