بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی ئەی بی سی نیوز و ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەرشیڤی توندووتیژی لە ڕێگای چەکەوە، ڕایانگەیاندووە کە لە هەفتەی ڕابردوو بە هۆی 915 حاڵەتی تەقەکردنەوەی سەرتاسەری ئەمریکاوە، 430 کەس کوژراون.
ئەو حاڵەتانەش لە ماوەی 17 تا 23 ی ئەم مانگە ڕوویان داوە و 1007 کەسیش هەر بەو هۆیەوە بریندار کراون.
ئەم ئامارانەش پیشاندەری زیاتربوونی توندووتیژییەکانی ئەمریکایە کە زیاتر لە ڕێگای بەکارهێنانی چەکەوە ڕوو دەدەن.
چاوەڕوان دەکرێت ئامارەکانی ساڵی 2021 بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لە بواری توندووتیژی و بەکارهێنانی چەک، ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات.
تا ئێستا لە ساڵی 2021، 24 هەزار کەس لە ئەمریکا بە هۆی توندووتیژییەکانی بەکارهێنانی چەکەوە گیانیان لە دەست داوە کە زیاتر لە 800 کەسی ئەوان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵ و 174 کەسی دیکەش تەمەنیان لە ژێر 12 ساڵەوە بووە./.