بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە داهاتی نەوتی ئەم وڵاتە لە مانگی حوزەیران زیاتر لە 6 ملیار دۆلار بووە.
لە ڕاگەێندراوێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقدا هاتووە کە ئەم وڵاتە لە مانگی حوزەیران 86 ملیۆن و 756 هەزار و 589 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و داهاتەکەشی 6 ملیار و 143 ملیۆن و 106 هەزار دۆلار بووە.
کۆمپانیای سۆمۆ هەروەها ڕایگەیاندووە کە کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، 83 ملیۆن و 690 هەزار و 352 بەرمیل بووە و 3 ملیۆن و 75 هەزار و 237 بەرمیلیش لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە ڕێگای بەندەری جیهانەوە هەناردە کراوە.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە مامناوەندی نرخی هەر بەرمیل نەوتی هەناردەکراوی عێراق 70.801 دۆلار بووە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وایکردووە کە لە مانگی حوزەیران داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق 55 ملیۆن و 450 هەزار و 194 دۆلار بەراورد بە مانگی ڕابردوو زیاتر بێت./.