بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ئاژانسی فەرمی سوریا (سانا)، کاروانێکی گەورەی سەربازیی ئەمریکا گەیشتووەتە بنکەی ئەلشەدادی لە نزیک حەسەکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەمەش لە کاتێکدایە کە چاودێری مافی مرۆڤی سوریا ئەگەری کردنەوەی بنکەی سەربازی نوێی ئەمریکای لەم وڵاتە خستووەتەڕوو.
ئاژانسی سانا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکییەکان سەرقاڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیانن لە ناوچەی جزیرە و لە ڕێگای کۆپتەرە سەربازییەکانەوە، پێداویستییە سەربازی و لۆجستییەکانیان گەیاندووەتە بنکەی ئەلشەدادی لە باشوری حەسەکە.
لە لایەکی دیکەوە چاودێری مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاندووە کە کاروانەکە لە 75 بارهەڵگر پێکهاتووە کە زۆربەیان هەڵگری ئۆتۆمبێلی سەربازین کە لە ڕێگای خاڵی سنوری هەرێمی کوردستانەوە هاتوونەتە سوریا.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەو هێزانە بە ئامانجی کردنەوەی بنکەی نوێی سەربازی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاتوونەتە ئەم وڵاتە./.