بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەیوان کاشفی بە ئاماژە بە وردەکارییەکانی کردنەوەی ناوەندی بازرگانی ئێرانییەکان لە سوریا، وتی: ئەم ناوەندە لە ڕوبەرێکی چوار هەزار مەتری چوارگۆشە لە ناوچەی ئازاد لە ناوەڕاستی دیمەشق و بە بودجەی ژووری بازرگانی، پیشەسازی، کانزاکان و کشتووکاڵی ئێران کراوەتەوە.
ناوبراو وتی کە ئەم ناوەندە لە ناوچەی بازرگانی دەرەکی دیمەشق کراوەتەوە و گرنگییەکی زۆری لە ڕووی جێگیرکردنی کۆمپانیاکان و چالاکییە ئابورییەکانی وڵاتی ئێران هەیە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – سوریا لە درێژەدا وتی: ئەم بینایە لە دوانزە نهۆمدا کراوەتەوە کە دوو نهۆمی بۆ پێشانگایە و لە نهۆمەکانی دیکەش خزمەتگوزاری جیاجیا لە بوارەکانی بازاڕدۆزی، گواستنەوە، ڕاوێژکاریی یاسایی، بانکی، بیمە، پێشانگا و …. پێشکەش دەکرێت.
کەیوان کاشفی ڕایگەیاند کە لە ئێستادا 24 کۆمپانیای ئێرانی لەم ناوەندەدا جێگیر کراون و چالاکییەکانیان دەستپێکردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە جێگیربوونی ڕاوێژکارانی ئێرانی لە بوارەکانی بانکی، یاسایی و دارایی لەم ناوەندەدا، وتی: بە خوێندنەوەی تەواو و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە هەوڵ دراوە کە کۆمپانیا ئێرانییەکانی جێگیرکراو لەم ناوەندەدا بتوانن بە ئاسانی ئیمکانیات و خزمەتگوزارییەکانی پێویست بە خۆیان لە بوارە جیاجیاکان وەربگرن.
وتیشی کە هەوڵ دەدرێت کۆڕ و کۆبوونەوەکان و پێشانگا تایبەتەکان بە پێی پێویست بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان بەڕێوە بچێت.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری بازرگانی ئێران هەروەها وتی: لە کاتێکدا کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هاتووچۆ و پەیوەندییە بازرگانییەکان، هەوڵی تەواوکردن و کردنەوەی ناوەندی بازرگانی ئێرانییەکان لە سوریا درا و لە ئێستادا هەلومەرجێکی ئاسان بۆ چالاکی چالاکوانان و هەناردەکارانی ئێرانی دابین کراوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە گرنگیی کردنەوەی ئەم ناوەندە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و ، هیوای خواست کە ئەم هەنگاوە بتوانێت ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان کەرتی تایبەتی هەر دوو وڵات بەرز بکاتەوە.
کاشفی ئامانجێکی کردنەوەی ئەم ناوەندەی بە مسۆگەربوونی هەناردەی یەک ملیار دۆلاری بۆ سوریا تا کۆتایی ساڵی 2022 ناو برد و وتی کە ناوەندی بازرگانی ئێرانییەکان لە سوریا دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی لەم بوارەدا هەبێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – سوریا لە کۆتاییدا ئامادەیی ئەم ژوورەی بۆ پێدانی ڕێنمایی و خزمەتگوزاری بە وەبەرهێنەران و هەناردەکارانی ئێرانی ڕاگەیاند./.